شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری، حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری حکومەتی فیدراڵی كۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا شاندی هەرێمی کوردستان دید و بۆچوونی حکومەتی هەرێمیان لە بارەی پرەنسیپە گشتییەکانی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، خستەڕوو و بە پێویستیان زانی دەستوور و کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق، ببێتە بنەمایەک بۆ رێکەوتن لەسەر ئەو بابەتە.
ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری ئاماژەیان بە بنەماکانی سیستەمی فیدڕاڵیان کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وەزارەتە هاوتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
شاندی حکومەتی هەرێم لە هەریەک لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، د.جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا پێکهاتووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢