شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، لە گەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی كۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتۆگۆ لەبارەی جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کرا و جەخت لەسەر بەردەوامی کاری لیژنەی هونەری نێوان هەردوولا لەسەر ئەو بابەتە کرایەوە.
لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، ئەمە جاری دووەمە شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێم وپرسی بودجە و مادەی ١٤٠ و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ سەردانی بەغدا دەکەن.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەریەک لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، د.جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا پێکهاتووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٢ی کانوونی یەکەمی