هەڵمەتی چاندنی ٢٥هەزار نەمام لە سلێمانی لە قۆناغی كۆتاییدایە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەرەرای ئەوەی لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی رێژەی سەوزایی لەهەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی تری سەربە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار زیاترە، بە رەزامەندی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، هەڵمەتێكی نەمامناشتنیان دەستپێكردووە و لەو هەڵمەتەشدا ٢٥ هەزار نەمام دەچێنرێن.
لەمبارەیەوە بەختیار محەمەد، لێپرسراوی باخچەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی رایدەگەیەنێت: "یاداشتێكیان پێشكەشكردبوو بۆ چاندنی نەمام و لەلایەن وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوەوە رەزامەندیی لەسەر دابینكردنی ٢٥ هەزار نەمام دراوە، ئەوانیش بەبێ بەرامبەر دابەشیانكردووە بەسەر ٤٣ شارەوانیی سنوری پارێزگای سلێمانی، هەروەها بە گوتەی بەختیار محەمەد، هەڵمەتەكە زۆر بەباشی بەڕیوەدەچێت و لە سەرەتای مانگی ١٢ دەستیپێكردووە و ئێستا لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە."
لێپرسراوی باخچەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی روونیشیكردەوە، نەمامەكانیان لەنەمامگەكانی (دەربەندیخان، دوكان، بانی مەقان، سەرچنار و شازاد سائیب) وەرگرتووە و هەر شارەوانییە و بەشە نەمامی خۆی بۆ گواستراوەتەوە.
لێپرسراوی باخچەكان سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانیی و نەمامگەكانی كرد، كە زۆر هاوكاریان بوون و لەمبارەیەوە گوتی: "بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی ساڵانی رابردووش بەبێ بەرامبەر نزیكەی ٧٠ هەزار نەمامیان بۆ دابینكردوون و ئەو هاوكارییەی بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانی ئێمەی گەیاند بەوەی، لەناو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بەوەزارەتی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی رێژەی سەوزایی لە هەموویان زیاتر بێت، كە دەكاتە ١٩%."
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢١ی كانوونی یەكەم ٢٠٢٢