بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری کارەبا ئەمپێری کارەبای ماڵان لە ٤٠ ئەمپێرەوە کرایە ٣٠ ئەمپێر
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە هاتنی سەرما و سۆڵە و نزیکبوونەوەى وەرزى زستان، لۆد له‌سه‌ر تۆڕە‌كانی كاره‌با زیادى کردووە، بەهۆیەوە وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری کارەبا و کەمکردنەوەی بچڕانی کارەبا لە وەرزی زستان، بڕیاری کەمکردنەوەى ئەمپێری کارەبای ماڵان لە ٤٠ ئەمپێرەوە بۆ ٣٠ ئەمپێر بدات.
هەرچەندە ئەم کەمکردنەوەیە تەنیا بۆ ئەم وەرزەی سەرمایە دەبێت و بە گۆڕ‌انى کەشوهەوا ئاستى پێدانى کارەباکە دەگەڕێتەوە دۆخى ئاسایی خۆى، بەڵام هاووڵاتیانیش لەم بارەوە پێویستە ڕەچاوى ئەم کەمکردنەوەکە بکەن و خۆیان لەگەڵ دۆخەکە ڕابهێنن. بۆیە پێگەى فەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەم بارەوە قسەى لەگەڵ تاڤگە عومەر کاکەسوور، بەڕێوەبەرى دابەشکردنى کارەباى هەولێرى یه‌ك کرد.
ناوبراو باسى لەوە کرد کە ئێستا لەبەر سەرما، هەموو قورساییەک کەوتووەتە سەر تۆڕە‌كانی كاره‌با، بەمەش لۆدێکى زۆر دروست بووە، به‌شێوه‌یه‌ك هەم کارەباى کەم کردووەتەوە و هەمیش کێشەى تەکنیکى بۆ دروست کردووین. بڕیارەکەى وەزارەتى کارەباش لەم سۆنگەیەوە بە مەبەستى باشتر دابەشکردنى کارەبا و زیاترکردنى کاتەکانى پێدانى کارەباى نیشتمانییە.
بەڕێوەبەرى دابەشکردنى کارەباى هەولێرى یه‌ك له‌باره‌ی هه‌ماهه‌نگیی هاووڵاتیان و هاوكاریكردنیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كاره‌با ده‌ڵێت: "پێویسته هاووڵاتیان کارەبا بۆ ڕووناکى بەکار بهێنن نەوەک بۆ گەرما، تا كاریگه‌ریی نه‌كاته سه‌ر تۆڕە‌كانی كاره‌با، چونكه هه‌م خۆیان زەرەرمەند ده‌بن و هه‌میش فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی كاره‌با و كۆنترۆڵی كاره‌با بە خۆیانەوە سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن".
پسپۆڕێکى تایبەت بە کارەبا به فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری کە پێگەى فەرمى حکومەت بەڕێوە دەبات، گووتی "هۆكار زۆرن بۆ به‌فیڕۆچوونی وزه‌ی كاره‌با، بۆ نموونه کێبڵ و تۆڕى خراپ لەناو خودی ماڵى هاووڵاتیان، دوورى مەوداى نێوان ماڵ و وێستگەکانى کارەبا، نەزانینى چۆنییەتى بەکارهێنانى ئامێرەکان و ...، بۆیە پێشنیارى ئەم پسپۆڕە لەم بوارەدا ئەوە بوو کە:
یەکەم: پێویستە هاووڵاتیان فێرى کلتورى بەکارهێنانى ئامێرەکانى کارەبا بن.
دووەم: پێویستە ڕوانگەیەکى گشتى و هەمەلایەنە دروست بێت بە مەبەستى هۆشیارى دەستگرتن بە کارەباى نیشتمانییەوە.
ئێمە وەک پێگەی فەرمیی حکومەت، لیستێکى ئەو ئامێرە کارەباییانەمان وەرگرتووە کە لە ڕێگەیەوە، حکومەتى هەرێم کارەباى بەکارهێنراوى ماڵان بە دانانى ئاستێکى دیاریکراوى پێدانى کارەبا دەپێوێت. لێره‌دا نموونەى ماڵێکى ئاسایی دەهێنینەوە بە بوونى چەندین ئامێرى جیاوازی کارەبایی کە ئەگەر بێت لەو ماڵەدا نەبنە دوو دانە ئامێرى وەک یەک.
ئه‌گه‌ر ئەم ماڵە ئاساییە ئەم ئامێرانەى هەبێت، (گیزه‌ر: ٣,٠٠٠ وات، سپلیتى یەک تەنى: ١,٠٠٠ وات، ساردكه‌ره‌وه به نزیكه‌یی: ٢٢٠ وات، ساردكه‌ره‌وه‌یه‌كی ئاو: ٤٠٠ وات، ١٠ گلۆپى ١٨ واتى: ١٨٩ وات، ته‌له‌ڤزیۆن: ٢٠٠ وات، سه‌ته‌لایت: ٦٠ وات، جلشۆر: ٢,٥٠٠ وات)، بە هەموویانەوە دەکاتە (٧,٥٦٩) وات، واتە (٣٤) ئەمپێر.
کەواتە، ئێستا ئەم ماڵە ئاساییە بەم شێوەیە زیاتر لە بڕى پێدراو بەکار دەهێنێت و بەم شێوەیە سرکێتەکەى دادەدرێتەوە و بێ کارەبا دەبێت، بۆ ئەوەى کە هاووڵاتى ئاگادارى ئەم دۆخەش بێت، پێوەرى زیرەک دانراوە کە دواى سێ جار دادانەوەى سرکێت لە ماوەى کەمتر لە پێنج خوولەک، هاووڵاتى نیو کاتژمێر بێ کارەبا دەبێت، بۆیە دەبێت هاووڵاتى لەم کاتانەدا بە خێرایی بەشێک لەو ئامێرە کارەباییانەى بکوژێنێتەوە تا بڕى ئەمپێرى پێدراو و بڕى کارەباى بەکارهێنراوى هاوسەنگ دەبێت.
لەم بارەوە عه‌لی ئیسماعیل ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای پڕۆژە‌ی پێوه‌ری زیره‌ك به پێگەی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی راگه‌یاند: نزیکەى ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار هاوبەشى کارەبا هەن، وەک قۆناغى یەکەم لە ئێستادا کۆتایی پێ هاتووە، ڕۆژانە نزیکەى دوو هه‌زار پێوەر بەستراون و بەمەش ملیۆنێک و ٣٢٥ هەزار هاوبەش پێوەریان بۆ بەستراوە و نزیکەى (٤٧٥) هەزار هاوبەش ماوە کە بڕیارە وەک قۆناغى دووەم، لە لایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە بودجه‌ی پێویستی بۆ دیارى بکرێت، چونکە ئەم پێوەرە تا ئێستا سوودێکى زۆرى بۆ کارەباى بەرهەمهێنراو هەبووە، "چونکە بووەته هۆى کەمبوونەوەی بەفێڕۆچوونى وزە لە ٤٨% بۆ ٣١% و، سووتانى فیوز و گۆڕە‌ڕی وێستگەکانیش کەمتر بوووەتەوە".
بە پێى قسەى تاڤگە عومەر سه‌باره‌ت به تەلەفۆنکردنی هاووڵاتییان بۆ هەڵدانەوەى جۆزە زیادى کردووە، لەبەر ئەوە هاووڵاتى لەسەر ٤٠ ئەمپێر ڕاهاتووە، ئێستا بووەتە ٣٠ ئه‌مپێر، یەکێک لە باشییەکانى پێوەرى زیرەک ئه‌وه‌یه دوو جار هاووڵاتى ئاگادار دەبێتەوە لە ماوەى یه‌ك خوولەک، بۆیە مەرج نییە راسته‌خۆ په‌یوه‌ندیی بكه‌ن بۆ هۆبەکانى چاککردنەوە، بەڵکو ده‌كرێت هاووڵاتیان بەشێک لە ئامێرەکانى كاره‌با کەم بكه‌نه‌وه، كاره‌باكه خۆی دەگەڕێتەوە، ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كیشیان هه‌بوو، ئه‌وكات ده‌توانن په‌یوه‌ندی بە هۆبەى چاککردنەوە بكه‌ن کە ٢٤ کاتژمێری خزمەتگوزارى پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکەن.
ژماره ته‌له‌فۆنه‌كانى تايبه‌ت به پێوه‌رى زيره‌ك:
https://drive.google.com/file/d/1nLd3UH1i2JG5ZpcBWNYcwUTcUAg12Pnc/view?usp=sharing
فه‌رمانگه‌ى ميديا و زانيارى
٤ى کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢