Skip to the content

دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نوێی کوتانی فرەڤاکسینی منداڵان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی تەندرووستی دەستی بە هەڵمەتێکی نوێی کوتانی فرەڤاکسین بۆ منداڵان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کردووە و بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
بە پێی بانگەوازی وەزارەتی تەندرووستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵمەتی ١٠ رۆژەی کوتانی فرەڤاکسینی لە رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ بۆ ئەو منداڵانە دەستیپێکردووە، کە پێشتر ڤاکسینیان وەرنەگرتووە. هەروەها داواش لە دایک و باوکان دەکات بۆ "پاراستنی منداڵەکانیان لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان، بەشداری لە هەڵمەتەکە بکەن و ئەرکی خۆیان لە بەرامبەر منداڵەکانیان جێبەجێ بکەن."
وەزارەتی تەندرووستی لەبارەی گرنگیی هەڵمەتەکە ڕاگەیاندووە: "ئەم هەڵمەتە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ پاراستنی منداڵ و نەوەکانی داهاتوومان لەو نەخۆشییە پەتایی و گوازراوانەی کە تەنیا بە کوتان خۆپارێزییان لێ دەکرێت".
وەزارەتی تەندرووستی داوا لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی تەندرووستی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەکات، بۆ هاندانی هاووڵاتیان لەسەر کوتانی منداڵەکانیان، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیانەوە بەشداری لە هەڵمەتەکە بکەن و پەیامی تەندرووستیی تایبەت بە هەڵمەتی کوتانی فرەڤاکسین بڵاو بکەنەوە.