ساڵانە ٩٣ هەزار تۆن بەرهەمی زیادەی گۆشتی مریشک دەنێردرێتە دەرەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- هەرێمی کوردستان، لە بەرهەمی گۆشتی مریشکدا، گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و ساڵانەش بڕی بەرهەمی زیادە، دەنێرێتە بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
لە کابینەی نۆیەم، پڕۆژەکانی پەلەوەر بەڕێژەی ٢٠٪ بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەرزبوونەتەوە بۆ هەزار و ٨٤٠ پرۆژەی پەلەوەری، لەکاتێکدا توانای بەرهەمهێنانیشیان بەرزبووەتەوە بۆ ٣٠ ملیۆن و ٢٨٦ هەزار و ٢٢٩ جوجکە (وەجبە)، بەراورد بە ساڵانی پێشوو، توانای بەرهەمهێنان بەڕێژەی ٤٢٪ بەرزبووەتەوە.
پێویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە گۆشتی مریشک، ١٤٧ هەزار تۆنە لە ساڵێکدا، بەڵام پێشتر بەهۆی نەبوونی بڕیاری پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و پاڵپشتی پڕۆژەکان و قەدەغەی بەرهەمی هاوردە نەدەتوانرا پێویستیی ناوخۆیی پڕ بکرێتەوە، بەڵام ئێستا پڕۆژەکانی پەلەوەر زیادیان کردووە و ڕێژەی بەرهەمیشیان بووەتە ٢٤٠ هەزار تۆن لە ساڵێکدا، لەو ژمارەیەش ساڵانە ٩٣ هەزار تۆن بڕی زیادەی بەرهەم، ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و لەوێ بەبازاڕ دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکانی تایبەت بە قەڵەوکردن و بەخێوکردنی مانگا، لە بەرزبوونەوەدان و گرنگییەکی زۆریان پێ دەدرێت، بەجۆرێک لە کابینەی نۆیەمدا، ٣٩ پڕۆژەی قەڵەوکردنی گوێرەکە دامەزراون و لەئێستادا ٩٨ پڕۆژەی تایبەت بە قەڵەوکردنی گوێرەکە هەن، جگە لە پەرەسەندن و زیادبوونی پڕۆژەی مانگای شیردەر کە ژمارەیان بۆ ٨٤ پڕۆژە بەرزبوەتەوە لەکاتێکدا پێشتر ٧٦ پڕۆژە بوون، بەمەش پڕۆژەکانی گاوداری بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەڕێژەی ٧٦٪ زیادیان کردووە.
بەشێوەیەکی گشتی، پێشتر هەزار و ٨٦٤ پڕۆژەی پەلەوەری و ئاژەڵی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، گرنگییەکی زۆر بەو کەرتە دراوە و توانراوە تا ئاستی خۆبژێوی پەرەی پێ بدرێت، بەجۆرێک ژمارەی پڕۆژەکان بەرزکراونەتەوە بۆ دوو هەزار و ٢٦١ پڕۆژە، هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانیشیان زیاد بووە و بەمەش دەتواندرێت پێداویستیی ناوخۆیی پڕبکەنەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢