Skip to the content

ساڵانە ٩٣ هەزار تۆن بەرهەمی زیادەی گۆشتی مریشک دەنێردرێتە دەرەوە

‎هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- هەرێمی کوردستان، لە بەرهەمی گۆشتی مریشکدا، گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و ساڵانەش بڕی بەرهەمی زیادە، دەنێرێتە بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

‎لە کابینەی نۆیەم، پڕۆژەکانی پەلەوەر بەڕێژەی ٢٠٪ بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەرزبوونەتەوە بۆ هەزار و ٨٤٠ پرۆژەی پەلەوەری، لەکاتێکدا توانای بەرهەمهێنانیشیان بەرزبووەتەوە بۆ ٣٠ ملیۆن و ٢٨٦ هەزار و ٢٢٩ جوجکە (وەجبە)، بەراورد بە ساڵانی پێشوو، توانای بەرهەمهێنان بەڕێژەی ٤٢٪ بەرزبووەتەوە.

‎پێویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە گۆشتی مریشک، ١٤٧ هەزار تۆنە لە ساڵێکدا، بەڵام پێشتر بەهۆی نەبوونی بڕیاری پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و پاڵپشتی پڕۆژەکان و قەدەغەی بەرهەمی هاوردە نەدەتوانرا پێویستیی ناوخۆیی پڕ بکرێتەوە، بەڵام ئێستا پڕۆژەکانی پەلەوەر زیادیان کردووە و ڕێژەی بەرهەمیشیان بووەتە ٢٤٠ هەزار تۆن لە ساڵێکدا، لەو ژمارەیەش ساڵانە ٩٣ هەزار تۆن بڕی زیادەی بەرهەم، ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و لەوێ بەبازاڕ دەکرێت.

‎لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکانی تایبەت بە قەڵەوکردن و بەخێوکردنی مانگا، لە بەرزبوونەوەدان و گرنگییەکی زۆریان پێ دەدرێت، بەجۆرێک لە کابینەی نۆیەمدا، ٣٩ پڕۆژەی قەڵەوکردنی گوێرەکە دامەزراون و لەئێستادا ٩٨ پڕۆژەی تایبەت بە قەڵەوکردنی گوێرەکە هەن، جگە لە پەرەسەندن و زیادبوونی پڕۆژەی مانگای شیردەر کە ژمارەیان بۆ ٨٤ پڕۆژە بەرزبوەتەوە لەکاتێکدا پێشتر ٧٦ پڕۆژە بوون، بەمەش پڕۆژەکانی گاوداری بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەڕێژەی ٧٦٪ زیادیان کردووە.

‎بەشێوەیەکی گشتی، پێشتر هەزار و ٨٦٤ پڕۆژەی پەلەوەری و ئاژەڵی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، گرنگییەکی زۆر بەو کەرتە دراوە و توانراوە تا ئاستی خۆبژێوی پەرەی پێ بدرێت، بەجۆرێک ژمارەی پڕۆژەکان بەرزکراونەتەوە بۆ دوو هەزار و ٢٦١ پڕۆژە، هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانیشیان زیاد بووە و بەمەش دەتواندرێت پێداویستیی ناوخۆیی پڕبکەنەوە.


‎فەرمانگەی میدیا و زانیاری
‎٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢