شەقامی ١٥٠ مەتری، کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ڕێگاکانی ناو پایتەخت کردووە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بیرۆكەی دەستپیكردنی شەقامی ١٥٠، کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە و لە رێگەی كۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت و ئەو شەقامەش کارئاسانییەکی زۆری بۆ هاووڵاتیانی هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کردووە و لە ئیستاشدا نزیكەی ٢٤ کیلۆمەتری ئەو شەقامە تەواو بووە.
كەیفی فارس، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:''شەقامی ١٥٠ مەتری شەقامێكی بازنەییە بە چوار دەوری شاری هەولێر، و دڕێژیەكەی ٧٠ کیلۆمەترە و ساڵی پار ١٠ کیلۆمەتری تەواو بوو، کە دەکەوتە ڕێگەی سەرەكی نێوان هەولێر- شەقڵاوە تا هەولێر- بەحركە، بەشێكی تریشی ڕێگەی سەرەكی هەولێر – شەقڵاوە تا هەولێر – كۆیەیە کە درێژیەكەی ٧،٦ کیلۆمەترە.''
پێكهاتەی ئەم شەقامە بریتییە لە دوو شەقامی سەرەكی بە دڕێژی ٧،٦ کیلۆمەتر و پانی ١٩،٣٠ مەتر، هەروەها دوو شەقامی خزمەتگوزاری لەلای راست و چەپی شەقامە سەرەكییەكە هەیە کە هەر شەقامێك پانیەكەی ٨مەترە.
كەیفی فارس، دەڵێت:''بەشی تەواو بووی ئەم شەقامە لە نێوان هەولێر – شەقڵاوە تا هەولێر – كۆیە بوو، بەشەكەی تریشی لە نێوان هەولێر- بەحركە ساڵی پار كرا بووەوە. بەشی سییەمیش لە نێوان هەولێر – بەحركە تا هەولێر – گەزنە، واتە بەستنەوەی بە ڕێگەی سەرەكی هەولێر – دهۆك بوو.''
ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە، ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەو شەقامە كار ئاسانییەكی تەواو بۆ هاووڵاتیان و شوفێران دەكات، چونكە دەبێتە هۆی بەستنەوەی شارەكانی هەرێمی كوردستان، وەكو بەستنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە بە دهۆك. هەروەها وەكو ڕێگایەكی بازرگانی كاردەكات، چونكە هەردوو وڵاتی توركیا و ئێران بەیەكەوە دەبەستێتەوە. ئەو بارهەڵگرو شوفێرانەی پێویستیان بەناو شار نیە، تەنیا پێویستیان بەوەیە لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر بڕۆن شەقامی ١٥٠ مەتری بەكاردێنن، دیارە ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی كاتێكی زۆر بۆ هاوڵاتیان و شوفێران.
كەیفی فارس ئاماژەشی بەوەدا کە شەقامی ١٥٠ مەتری، دیزاینێكی تایبەتی بۆ ئاوی باران و ئاوەڕۆ بۆ كراوە، هەروەها دانانی هێماكانی هاتووچۆو هێڵكاری شەقام بە تەواوی لە پڕۆژەكە جێبەجێكراوە و پەرژینی سەلامەتیش لە هەردوو لای شەقامەكە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و شوفێران بۆ کراوە.
شەقامی 150 مەتری یەكێك بوو لە پڕۆژە گەورەكانی هەرێمی كوردستان و ڕۆژانە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ كرێكار و ئەندازیار و كاریان تێدا كردووە.
عەلی فەرحان، شوفێرێکە و ڕۆژانە هاتووچۆ بە شەقامی ١٥٠مەتری هەولێردا دەكات، ئەو دەڵێت:''دەست خۆشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم، ئەو شەقامە زۆر گرنگە بۆ شوفێران، چونكە رزگاری كردووین لە قەڵەباڵغی و جەنجاڵی ڕێگا، چونکە ڕێگای كاتژمێرێكی بۆ كردووین بە ٢٠ خولەك.''
هەڤاڵ سەلام، شۆفێرێکی دیکەیە و ڕۆژانە هاتووچۆ بەم شەقامەدا دەكات و دەڵێت:'' لە ١٩٩٩ەوە شوفێرم، هاتووچۆی ڕێگای كەسنەزان بۆ گەزنە دەكەم، هیچ كات بەم شێوەیە كاتم بۆ نەگەراوەتەوە. پێشتر بە نیو كاتژمێر یان سێ چارەک دەگەیشتم، بەڵام ئێستا بە ١٠ خولەك دەگەمە شوێنەکەم، چونكە ڕۆژی واهەیە زیاتر لە جارێك هاتوچۆی ئەو رێگایە دەكەم، كاتێكی زۆرم بۆ گەراوەتەوە، ڕێگای ٤٠ خولەك بووە بە ١٠ خولەك، بوونی ئەم پرۆژانە بە بەردەوامی سوودی دەبێت بۆ هاوڵاتیان چونکە كات دەگەرێنێتەوە بۆ هاووڵاتیان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢