Skip to the content

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕێنمایی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی غاز بڵاودەکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای ڕووداوەکانی پەیوەست بە غاز و سۆپای غاز، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک ڕێنمایی بۆ هاووڵاتییان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی لەکاتی روودانی رووداوی هاوشێوە و نەخوازراو، جێبەجێی بکەن تاوەکو پارێزراو بن و لە مەترسییەکان بەدوور بن.

بۆ ئەوەی لە ڕووداوی نەخوازراوی پەیوەست بە غاز پارێزراو بیت، ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە:
- هەرکاتێک بۆنی غاز هات، نابێت دەستکاری سویچی کارەبا بکەیت یان ئاگر دابگیرسێنیت.
- دەبێت پەنجەرە و دەرگاکان بەتەواوی بکەیتەوە.
- ئەو شوێنەی بۆنی غازی لێدێت، دەبێت بەخێرایی چۆڵ بکرێت.

بۆ ئەوەی لە ڕووداوی نەخوازراوی پەیوەست بە سۆپای غاز پارێزراو بیت، ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە:
- بووتڵی غاز لە چێشتخانە دامەنێ و نابێت بووتڵی غازیش لەنزیک سۆپا هەڵبگیرێت.
- دەبێت بووتڵی غاز لە شوێنێک بێت، کە هەواگۆڕکێی هەبێت و دووربێت لە تیشکی خۆر و ماددەی سووتێنەر.
- پێویستە دڵنیابیت لەوەی، كە سۆندەی غاز کوالێتیی باشە و هیچ کێشەیەکی نییە.
- هەمیشە لەبیرت بێت پێش نووستن یان جێهێشتنی ماڵ، غاز لە سەرچاوەکەیەوە بگریتەوە.

بۆ ئەوەی لە ڕووداوی نەخوازراوی پەیوەست بە لێچوونی غازی شل پارێزراو بیت، ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکە:
- لەکاتی لێچوونی غاز لە ماڵ، بەلایەنی کەم ١٠٠ مەتر لەو جێگایە دوور بکەوە.
- لەکاتی لێچوونی غاز لە هۆتێل، چێشتخانە و شوێنەکانی تر، ٨٠٠ مەتر دوور بکەوە.
- لەکاتی بوونی ئاگر لە تانکی غازی بەنزینخانەکان، کیلۆمەترێک و ٥٠ مەتر لەو شوێنە دوور بکەوە.

لەکاتی بوونی ڕووداوی نەخوازراوی غاز، ڕێنماییەکان جێبەجی بکە و پەیوەندیی بە ژمارەی هێڵی گەرمی ١١٥ بکە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢١ی كانوونی یەكەم ٢٠٢٢