Skip to the content

نزیکەی ١٨٥ هەزار خێزان نەوتی سپییان وەرگرتووە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ١٩ـی کانوونی یەکەم، ٣٦ ملیۆن و ٨٦٩ هەزار ٤٠٠ لیتر نەوتی سپی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، دابەشکردووە.

بە پێی دوایین ئاماری وەبەرهێنانی کانزایی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، تاوەکو ١٩ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ١٨٤ هەزار و ٣٤٧ خێزان لە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی سوودمەندبوون و پرۆسەکەش لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت.
لە سنووری پارێزگای هەولێر، ٩ ملیۆن ٩٢٤ هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و ٤٩ هەزار و ٦٢٠ خێزان، سوودمەندبوون و لە سنووری پارێزگای دهۆک، ١٠ ملیۆن و ٦٤١ هەزار و ٦٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و ٥٣ هەزار و ٢٠٨ خێزان، سوودمەندبوون و لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش، ١٦ ملیۆن و ٣٠٣ هەزار و ٨٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و ٨١ هەزار و ٥١٩ خێزان، سوودمەندبوون.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی ٧٠ ملیار دینار بۆ کڕینی نەوتی سپی تەرخانکردووە و بەشێوەی تەندەر ٣٢٠ هەزار بەرمیلی بە نرخی ٢٨٤ هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک دابینکردووە. هەروەها پاڵپشتیی حکومەت بۆ نرخی هەر بەرمیلێک دەگاتە ٦٥% و هاووڵاتییان تەنیا لە ٣٥% نرخەکەی دەدەن.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢