هەفتەی داهاتوو توونێلی دەربەندیخان دەکرێتەوە
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - بەهۆی تێکچوونی بەشێكی توونێلی دەربەندیخان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری نۆژەنکردنەوەی توونێلی دەربەندیخانی دا و بڕی ١٨٧ ملیۆن و ٨٢٨ هەزار دیناری بۆ تەرخان کرد، لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، کارکردن تێیدا دەستیپێکرد و ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بە بەردەوامی کاری تێدا دەکرێت.
كارەكانی نۆژەنكردنەوەی توونێلی دەربەندیخان بەرەو كۆتایی دەچن و فوئاد حەمەباقی، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی سلێمانی دەڵێت:''هەنگاوەكانی نۆژەنكردنەوەی توونێلی دەربەندیخان لە كۆتایی نزیكبوونەتەوە و هەفتەی داهاتوو توونێلەكە بەڕووی شۆفێران و بارهەڵگرەكاندا دەكرێتەوە.''
بەهۆی كاری نۆژەنكردنەوە لە توونێلی دەربەندیخان، ماوەی دوو مانگە توونێلەکە داخراوە و کاری بەردەوامیشی تێدا دەکرێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی ١٨٧ ملیۆن و ٨٢٨ هەزار دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی تەرخانكردووە و دووی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، كاركردن لە پڕۆژەكەدا دەستیپێكرد.
سەبارەت بە کردنەوەی توونێلەکە، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی سلێمانی، ڕایگەیاند:''بڕیاربوو كۆتایی ئەم هەفتەیە توونێلی دەربەندیخان بەڕووی شۆفێران و بارهەڵگراندا بكرێتەوە، بەڵام کردنەوەکەی بۆ هەفتەی داهاتوو دواكەوتووە.''
فوئاد حەمەباقی، لەبارەی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکەوە گوتی، كارەكان بەكۆتا هاتوون و توونێلەكە بەشێوەیەكی مۆدێرن نۆژەنكراوەتەوە، كە رەچاوی سەلامەتیی هاتووچۆ کراوە و ڕووناككەرەوەشی بۆ داندراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە، بەردەوامە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو شار و شارؤچکەکانی هەرێمی کوردستان و نۆژەنکردنەوەی توونێلی دەربەندیخانیش یەکێکە لەو پرۆژانەی کە حکومەت جێبەجێی دەکات لە پێناو ئاسانکاری بۆ شۆفێران و هاوولاتییانی ناوچەکە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٤ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢