Skip to the content

پۆندسازی.. پڕۆژەیەکى ستراتیژى و ئیدارەیەکى دروست و جێبەجێکردنێکى خێرا

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەرەنجێکى گەورە خرایە سەر کشتوکاڵ و پیشەسازی و ئاو، لەو چوارچێوەیەدا پاراستن و کۆکردنەوەى ئاو بە دەیان پڕۆژەى ستراتیژى و جدیی جێبەجێ کراون، دروستکردنى پۆند و بەنداو لە بەرنامەى کابینەى نۆیەم دانراوە و هەر لەم سێ ساڵەى ڕابردوودا کار بە جێبەجێکردنى کراوە.
پۆند، گرنگییەکی زۆری بۆ پاراستنی ئاو و دواتر بەکاربردنەوەى بۆ بەکارهێنانی کاری کشتوکاڵ هەیە، ئەمە بەدەر لەوەى کە هۆکارە بۆ گەشەسەندنی كەرتی گەشتیارى، جوانى جوگرافی، پاراستنى هاووڵاتیان لە لافاو و زیادکردنى ئاوى ژێر زەوی.
تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان ١١٨ پۆند لەسەر ڕووبەری ٤٧٩ هەزار و ٣٦٤ دۆنم دروست کراون، کە توانای گلدانەوەى ٢٢ ملیۆن و ٦١٣هەزار و ٢١٥ مەتر سێجا ئاویان هەیە و تێچوونی دروستکردنیان گەیشتووەتە ٢٨ ملیار و ٧٨٨ ملیۆن و ٣٧٦ هەزار و ٢٧٨ دینار.
بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو پێشنیاری دروستکردنی چەندین پۆندی دیکەش خراوەتەڕوو، کە ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى لەسەر دروستکردنى زۆرێکیان دەرکردووە و ڕێنمایی تایبەتیشى بۆ دروستکردنى دەیان پۆند دەرکردووە بە هاوبەشى لەگەڵ هاووڵاتیانى جوتیان. لەم بارەوە دوکتۆر کاروان سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانى ئاو لە هەرێمى کوردستان باسى لەوە کرد: "ئێمە پێشتر ١١٨ پۆندمان لە كابينه‌كانى ترى حکومەتى هەرێمى کوردستان دروست کردووە، بەڵام ئێستا و لەم کابینەیەدا ڕەزامەندى لەسەر دروستکردنى ٤١ پۆند دراوە، کە هەندێکیان جێبەجێ کراون و هەندێکى دیکەیشیان بڕیارە بەم زووانە دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت."

هەورامى ٤١ پۆندەکەى بەم شێوەیە دابەش کرد:
یەکەم: وەک هەنگاوى یەکەم ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندى دا لەسەر دروستکردنى ٢٣ پۆند بە ١٣ ملیار دینار لە سەراسەرى هەرێمى کوردستان، کە زۆربەیان لە پڕۆسەى جێبەجێکردندان و هەندێکیشیان دراونەتە کۆمپانیا و لەبەر بارانبارین دەستیان پێ نەکراوە.
دووەم: دواتر ئەنجوومەنى وەزیران ڕەزامەندى لەسەر دروستکردنى ١٤ پۆند لە دەوروبەرى هەولێرى پایتەخت دا تا بەدوور بێت لە دروستبوونى لافاو و هەروەها ئاوى ژێر زەویى و سەرچاوە ئاوییەکانى ئەم شارە پاراویش بکرێنەوە.
سێیەم: لە ئێستاشدا ئەنجوومەنەى وەزیران ڕەزامەندى داوە لەسەر دروستکردنی ٤ پۆندى دیکە بۆ پارێگاى هەولێر، بەڵام هێشتا پارە و تێچووەکەى نەخەمڵێنراوە و ئەگەرى هەیە لە ماوەیەکی نزیک ئەوانیش کارە فەرمییەکانیان تەواو ببێ و دەست بە دروستکردنیان بکرێت.

نوێترین پۆندەکانی هەرێمی کوردستان کە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کۆتاییەکانی ئەیلوولی ڕابردوو، بەردی بناغەیانی دانا، هەر سێ پۆندی سەرقزڵ و سەید حوسێن و گۆبان بە گوژمەی دوو ملیار و ١٩١ ملیۆن دینار، لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان جێبەجێ دەکرێن.
پۆندەکانی هەرێمی کوردستان کە لە گوندەکان بۆ کۆکردنەوەی ئاو بۆ مەبەستی کشتوکاڵی دروست کراون، بەم شێوەی خوارەوە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەبن:

پارێزگای هەولێر: ٣٦ پۆند
ـ قەبارەی ئاوی کۆگەکراو: ٤ ملیۆن و ٧١٤ هەزار و ٢٨٥ مەتری سیجا
ـ ڕووبەڕی ئاودراو: ٣ هەزار و ٥٩٨ دۆنم
ـ بەرزی پۆندەکان: لە سێ مەترەوە تا ١٨ مەتر
ـ تێچوونی دروستکردنی پۆندەکان: ١٣ ملیار و ١٢٩ ملیۆن و ٥٥٣ هەزار و ٢٥٠ دینار
ـ ژمارەی ئەو پۆندانەى ئێستا تەواو بوونە: ١٨ پۆند
ـ ئەو پۆندانەی کە لە جێبەجێکردندان: ١٧ پۆند
ـ ماوەى دروستکردنیان: لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٣
ـ لایەنی تەمویل: ‌حکومەتی هەرێم (٢٥ پۆند) و بڕيارى ٩٨٦ (٢ پۆند) و OPC (٢ پۆند) و کۆریای باشوور (٢ پۆند) و سەرۆکایەتیی هەرێم (٥ پۆند)

پارێزگای سلێمانی: ١٢ پۆند
ـ قەبارەی ئاوی کۆگەکراو: ملیۆنێك و 677 هەزار و 686 مەتر سیجا
ـ ڕووبەڕی ئاودراو: ٦٧٦ دۆنم
ـ بەرزی پۆندەکان: لە 6 مەترەوە بۆ ١٩ مەتر
ـ تێچوونی دروستکردنی پۆندەکان: ٩ ملیار و ٧٤٩ ملیۆن و ٦٥٠ هەزار و ٩٨٥ دینار
ـ ماوەی دروستکردنیان: ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠١٤
ـ لایەنی تەمویل: ‌حکومەتی هەرێم

پارێزگای دهۆک: ٥٨ پۆند
ـ قەبارەی ئاوی کۆگەکراو: ١٣ ملیۆن و ٣٥٠ هەزار و ١٣٥ مەتری سیجا
ـ ڕووبەڕی ئاو دراو: ٤ هەزار و ٧٤٦ دۆنم
ـ بەرزی پۆندەکان: ١١ بۆ ٢١ مەتر
ـ تێچوونی دروستکردنی پۆندەکان: 28 ملیار و 218 ملیۆن و 450 هەزار و 5 دینار
ـ ماوەی دروستکردنیان: ساڵانی ٢٠٠١ تا ٢٠١٤
ـ لایەنی تەمویل: ‌حکومەتی هەرێم (٤١ پۆند) و گەشەپێدانی پارێزگاکان (١٢ پۆند)، بڕیار ٩٨٦ (٤ پۆند) و سوپای ئەمریکا (١ پۆند)

قەزای کۆیە: ٦ پۆند
ـ قەبارەی ئاوی کۆگەکراو: ملیۆنێك و ١٨٠ هەزار مەتری سیجا
ـ ڕووبەڕی ئاو دراو: ٢٨٥ دۆنم
ـ بەرزی پۆندەکان: لە ١٠ مەترەوە بۆ ١٤ مەتر
ـ تێچوونی دروستکردنی پۆندەکان: ٢ ملیار و ٤٧٠ ملیۆن و ٣٤٠ هەزار و ٢٩٨ دینار
ـ ژمارەی پۆندە تەواو بووەکان: ٦ پۆند
ـ ماوەی دروستکردنیان: ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠١٨
ـ لایەنی تەمویل: ‌حکومەتی هەرێم (٥ پۆند) و هاووڵاتی (١ پۆند)

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: ٦ پۆند
ـ قەبارەی ئاوی کۆگەکراو: ملیۆنێك و ٦٩١ و هەزار و ١٠٩ مەتری سیجا
ـ ڕووبەڕی ئاودراو: ٢٠٠ دۆنم
ـ بەرزی پۆندەکان: ٩ تا ١٧ مەتر
ـ تێچوونی دروستکردنی پۆندەکان: ٣ ملیار و ٧٩٦ ملیۆن و ٦٢ هەزار و ٩٤٥ دینار
ـ ژمارەی پۆندە تەواو بووەکان: ٦ پۆند
ـ ماوەی دروستکردنیان: ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠١٣
ـ لایەنی تەمویل: ‌حکومەتی هەرێم (٥ پۆند)

ئەو پۆندانەی بۆ دروستکردن پێشنیار کراون:
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو، پێشنیاری دروستکردنی ٢٣ پۆندی دیکەشی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو، کە بڕیارە لەسەر رووبەری ٢ هەزار و ١٣٨ دۆنم دروست بکرێن، كە توانای هەڵگرتنی ٤ ملیۆن و ٤٩٢ هەزار و ٧٣٤ مەتر سێجا ئاویان دەبێت و هەروەها هەزار و ٣٨٩ جووتیاریش سوودمەند دەبن، كە تێچوونی دروستکردنیشیان دەگاتە ١٤ ملیار و ١٦٧ ملیۆن و ٥٧٠ هەزار و ٤٠٠ دینار و بەم شێوەیە لەسەر پارێزگاکان دابەش کراون:

پارێزگای هەولێر: ٩ پۆند
ـ گوژمەی پڕۆژە بە بەڵێندەرایەتی: ٤ ملیار و ٩٧٨ ملیۆن و ١٧٩ هەزار و ٤٠٠ دینار
ـ گوژمەی پڕۆژە بە ڕاستەوخۆ: ٣ ملیار و ٩٨٢ ملیۆن و ٥٤٧ هەزار و ٩٤٠ دینار
ـ ئاوی گلدراو: ٨٣٢ هەزار و ٢٠٨ مەتری سێجا
ـ ڕووبەری بەراو: ٢٠٨ دۆنم
ـ بەرزی پۆندەکان: ٧ بۆ ١٤ مەتر
ـ درێژایی پۆندەکان: ٩٥ تا ١١٠ مەتر
ـ ژمارەی جووتیاری سوودمەند: ٧٧٥ جووتیار

پارێزگای دهۆک: ٨ پۆند
ـ گوژمەی پڕۆژە بە بەڵێندەرایەتی: ٤ ملیار و ١٤٨ ملیۆن و ٣٩١ هەزار دینار
ـ گوژمەی پڕۆژە بە ڕاستەوخۆ: ٣ ملیار و ٣٤٧ ملیۆن و ٥١٢ هەزار دینار
ئاوی گڵدراو: ٢ ملیۆن و ٦٧٠ هەزار و ٢٨٩ مەتری سێجا
ـ ڕووبەری بەراو: هەزار و ٤٤٣ دۆنم
ـ بەرزی پۆندەکان: ١٣،٥ بۆ ١٩ مەتر
ـ درێژایی پۆندەکان: ٩٦ بۆ ١٧٢ مەتر
ـ ژمارەی جووتیاری سوودمەند: ٤٧٠ جووتیار

پارێزگاى هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی ڕاپەرین و گەرمیان: ٦ پۆند
ـ گوژمەی پرۆژە بە بەڵێندەرایەتی: 5 ملیار و 5 ملیۆن دینار
ـ گوژمەی پرۆژە بە ڕاستەوخۆ: 4 ملیار و 3 ملیۆن دینار
ـ ئاوی گلدراو: ٩٩٠ هەزار و ٢٣٧ مەتری سێجا
ـ ڕووبەری بەراو: ٤٨٧ دۆنم
ـ بەرزی پۆندەکان: ١١ بۆ ١٦ مەتر
ـ درێژایی پۆندەکان: ١٠٠ بۆ ١٦٠ مەتر
ـ ژمارەی جووتیاری سوودمەند: ١٤٤ جووتیار

دوکتۆر کاروان سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتیی سەرچاوەکانى ئاو لە هەرێمى کوردستان، بەدەر لە سوودەکانى دروستکردنى ئەم پۆندانە بۆ ئاوى ژێر زەویى و کشتوکاڵ و جوتیاران و گەشتیارى، باسێکى گرنگى ورووژاند، کە ئەویش کەمکردنەوەى تێچووى دروستکردنى ئەو پۆندانە بوو و گوتى: "وەک کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەوڵمان داوە ئاستى تێچووى پۆندەکان کەم بکەینەوە و شەفافانە و وردەکاریانە ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکەین، بۆیە دەبینین لەم ساڵدا لە دروستکردنى پۆندەکانى ئەم کابینەیە، خەرجییەکانیان لە چاو دروستکردنى پۆندەکانى ساڵى ڕابردوو، ٥٥% کەم کراوەتەوە، واتە جاران کە پۆندێک بە ١.٦ ملیار دینار دروست کرابێت، ئێستا بە ٧٠٠ ملیۆن دینار دروست دەکرێت و دەشمانەوێت بە جێبەجێکردنى هەندێک پلان و پڕۆژەى دیکە، ئەم پارەیە بگەیەنینە خاڵى سفر و لە بەرامبەریشدا زۆرترین پۆند دروست بکەین".

 

فەرمانگەى میدیا و زانیارى 

٢٠٢٢/١٢/١٨