ڕاگەیەندراوێک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - بە داخەوە ئەمڕۆ بەهۆی هێرشێکی تیرۆریستانی داعشەوە لە باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک، ئەفسەرێک و چەندین کارمەندی پۆلیس شەهید بوون و چەند پۆلیسێکی دیکەش بریندار بوون.
بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین و خۆمان بە هاوخەمیان دەزانین، لە خوای گەورە داواکارین شەهیدەکان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و شیفای بریندارەکانیش بدات.
لێرەوە بۆ جارێکی دیکە جەخت لە گرنگیی هاریکاری و هاوئاهەنگیی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش دەکەینەوە، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢