Skip to the content

ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان ١١٠ تۆن زەیتی زەیتوون بەرهەمدەهێنرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان ئەوەش بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و دۆزینەوە و دروستکردنی بازاڕ بۆ جووتیاران.
بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو بەرهەمانەیە کە بە پاڵپشتی کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێ، لە ئێستادا لە ڕێگەی حەوت کارگەوە ڕۆژانە نزیکەی ١١٠ تۆن زەیتی زەیتوون لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت.
یەکێک لەو جووتیارانەی خاوەنی کێڵگەی زەیتوونی خۆیەتی دەڵێت :''من خەڵکی قەسرۆکم لە گوندی خورتودەکان لە قەزای شێخانی سەر بە ناحیەی ئەتروش. لە گوندەکەی خۆمان خاوەنی زەیتوونی زۆرین، زەیتوونی خۆمان لێ دەکەینەوە و دەیهێنین بۆ ئەم کارگەیە، تاوەکو بیکەین بە ڕۆنی زەیتوون، ئەم کارگەیە زۆر باشە، بەرهەمی ئەم کارگەیە زۆر باشە، زەیتێکی زۆر باشی هەیە و خاوەنێکی زۆر باشی هەیە و چاوی لە جووتیارانە.''
کارگەکانی بەرهەمهێنانی زەیتوون لە هەرێمی کوردستان بە کوالێتییەکی زۆر باش زەیت بەرهەمدەهێنن و ڕۆژانەش نزیکەی ٨٠٠ تۆن زەیتوون لە جووتیارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەردەگرن و زەیتەکەش بەهۆی بوونی خواستی زۆر هەر لە ناوخۆ ساخ دەکرێتەوە.
نیعمەت مەولوود، سەرۆکی کۆمەڵەی هەرەوەزی زەیتوون بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند:'' بەپێی ڕۆژە، ڕۆژ هەیە یەک تۆن زەیتوونمان بۆدێت، ڕۆژیش هەیە ٣٠ تۆن و ڕۆژیش هەیە ١٠ تۆن زەیتوونمان بۆدێت، بەڵام بە بەردەوامی ڕۆژانە ٢٠ تۆنی لێ دەكەینە زەیتی زەیتوون، چونكە لە ٢٤ كاتژمێر لەوانەیە ٤ بۆ ٥ كاتژمێر كاركردن ڕابگرین، بۆیە ٢٠ تۆن ئیش دەكەین و بەرهەمهێنانی زەیتەکە بەپێی تۆنی زەیتوونەكەیە، زەیتوون هەیە تەنی ١٢٠ كیلۆیە و هەشە ٨٠ كیلۆیە، چەند وەرزەكە درێژبێتەوە بەرهەمهێنانی زەیتون زیاتر دەبێت بۆنموونە بەرهەم هێنانی زەیت ئەگەر لەمانگی ١٢ بۆ ١ بكرێت کێشەی نیە، بەڵام لەمانگی ٩ بكرێت ئەوا سەوزە و ڕۆنی تێدانیە، لە ئێستا دا کاتی گونجاوە بۆ زەیت. ''
سەرۆکی کۆمەڵەی هەرەوەزی زەیتوون ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەو هەنگاوەی حكومەت زۆرباش بوو بۆ كردنەوەی ئەو كارگەیە، چونكە پێشتر هەمووی لەلایەن كارگەی ئەهلی زەیتوونیان ساخ دەكردەوە و هەر شتێك هەبوایە بەسەریان دەسەپێنرا و لە ئێستاشدا جووتیارەکان لەهەموو لایەكەوە دەچن بۆ ئەو کارگەیە.
نیعمەت مەولوود، ئاماژەش بەوە دەکات کە خۆشبەختانە زەیتی زەیتوون داواكاری زۆری لەسەرە لە كوردستان، خەڵكی زۆر بەكاری دێنن، ساڵی یەكەم و دووەم داواكاری زۆر نەبوو لەسەری، بەڵام ئێستا زۆر زۆر بووە لەكوردستان.
نیعمەت مەولوود دەڵێت:''ئێمە وەكو خۆمان بەهیچ شێوەیەك زەیتی خراپمان نەداوەتەوە خەڵك، چونكە ئێمە ڕاستەوخۆ لە كێڵگەكان زەیتوون لێدەكەینەوەو لەهەمان ڕۆژ دەیكەینە زەیت و دەکەوێتە بەردەستی خەڵك.''
جگە لەو ناوچانەی کە بەفراوین و ساردن، تەواوی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ چاندنی زەیتوون شیاوە و دەکرێت تێیدا بڕوێنرێت و ، نزیکەی ١٣٥٠ جووتیاریش لەو بوارە کار دەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوامە، لە سیاسەتی پاڵپشتیکردنی جووتیاران و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢