Skip to the content

ڕێژەی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ٧٩% بەرزبووەتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ڕێژەی بەستنی پێوەری ئاوی خواردنەوە لە ٤٥% بۆ ٧٩% بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەكرێت لە ماوەی یەك ساڵی دیكەدا ئەو ڕێژەیە زیاتریش بێت.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: "بەراورد بە ساڵانی ٢٠١٨-٢٠١٩، بەستنی پێوەری ئاو زۆر زیادیكردووە. ئەوكات هاوبەشانی ئاو بە ڕێژەی ٤٥% پێوەریان بۆ بەسترابوو، بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە بۆ ٧٩% بەرزبووەتەوە و پێشبینی دەكەین لە ماوەی ساڵێكی تردا ئەو ڕێژەیە زیاتریش بەرزبێتەوە."
سەبارەت بە ژمارەی هاوبەشانی ئاو، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ: "لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ژمارەی هاوبەشانی ئاو لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە كە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٨– ٢٠١٩، نزیكەی ٧٦٠هەزار هاوبەشمان هەبوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە یەك ملیۆن و ٦٥ هەزار هاوبەش."
هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی كوردستاندا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی زانستییانەی ئاوەوە دەیەوێت زۆرترین سامانی ئاو بپارێزێت و هاووڵاتیان لێی سوودمەند بن، بۆ ئەو مەبەستە یەكێك لەو پڕۆسانەی پشتی پێ دەبەسترێت، بەستنی پێوەری بەكارهێنانی ئاوە.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
٢٢ى كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٢