Skip to the content

کەسوکاری شەهیدان بێبەرانبەر خزمەتگوزاریی تەندروستییان پێشکەشدەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- گرنگیدان و فراوانکردنی پانتایی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نەخۆشخانە حکومییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی خۆڕایی بۆ نەخۆشان، یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو زیاتر هاوکاریکردنی هاووڵاتییان.

لەمەودوا هەر نەخۆشێکی کەسوکاری شەهیدان، سەردانی بنکە و نەخۆشخانە حکومییەکان بکات، بێ بەرامبەر خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەشدەکرێت، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش بەرێژەی ٥٠٪ داشکاندنیان بۆ دەکرێت.

عادل ساڵح، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لەبارەی ئەم بڕیارەوە بە پێگەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند:''بڕیارەکە پاش ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران بووە و بۆ ئەو مەبەستە، کۆنووسێکی هاوبەش لەنێوان وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزیری تەندروستی واژۆکراوە، بەپێی کۆنووسەکە، بۆ کەسوکاری شەهیدان لەتەواوی بنکە و نەخۆشخانە حکومییەکان داشکاندنی ١٠٠٪ لە سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەکرێت.''

لەبارەی جۆری خزمەتگوزارییەکانەوە، بەڕێوەبەرەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاماژەی بەوەدا کە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان پێکدێن لە چارەسەر، پشکنین و نەشتەرگەری.

عادل ساڵح رایگەیاند:''ئەم بڕیارە، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاییش دەگرێتەوە و سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان بێبەرانبەر پێشکەشدەکرێت. ''

پێشتر، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان هیچ داشکاندنێک بۆ کەسوکاری شەهیدان نەدەکرا و لە نەخۆشخانە حکومییەکانیش تەنها لە ٣٠٪ داشکاندنیان بۆ دەکرا، بەڵام ئێستا سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بنکە و نەخۆشخانە حکومییەکان بێ بەرامبەرە و لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش، ٥٠٪ داشکاندنیان بۆ دەکرێت.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٤ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢