Skip to the content

پڕۆژه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی شیش، پێداویستی ناوخۆ دابین ده‌كات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شیش لە هەولێر دروست دەکرێت، لە توانایدایە پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق پڕ بکاتەوە.

 

 700 هه‌زار تۆن شیش له‌ ساڵێكدا به‌رهه‌مدێت

شوان محەمەد، خاوه‌نی کارگەی بەرهەمهێنانی شیش لە ناوچەی پیشەسازی تیماری هەولێر بۆ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری رایگەیاند: پڕۆژه‌کەیان‌ به‌ سه‌رمایه‌ی 314 سێسه‌د و چوارده‌ ملیۆن دۆلار جێبه‌جێ ده‌كرێت و ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی تیمارەوە، گوتیشی ئێستا هێڵی یه‌كه‌می کارگەکە ته‌واو بووه‌ و بڕیارە له‌ ماوه‌ی دوو مانگی داهاتوودا بەشەکانی دیكه‌شی ته‌‌وا‌و بن، ئاشکراشی کرد کە پڕۆژه‌كه‌یان‌ ده‌توانێت 700 هه‌زار تۆن شیش له‌ ساڵێكدا به‌رهه‌مبهێنێت و به‌رهه‌می ڕۆژانه‌شی ده‌گاته‌‌ 2300  تۆن شیش و زاویه‌، کە بریتین لە‌ شیشی کۆنکرێت، له‌ 8 ملمەوە تاوەكو 32 ملم، زاویه‌ش له‌ 2 ملم تاوەكو 5 ملم.

 

هەلی کار بۆ هه‌زار کەس دەڕەخسێت

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تا چه‌ند پڕۆژه‌که‌ هه‌لی كار دەڕەخسێنێت‌، شوان محەمەد، خاوه‌نی کارگەی بەرهەمهێنانی شیش لە ناوچەی پیشەسازی تیماری هەولێر گوتی نزیكه‌ی 1000 كه‌س له‌ پڕۆژەکەیاندا به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ كار ده‌كه‌ن و هه‌زاران كه‌سی دیكه‌ش له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌شدارن له‌ دروستكردنی پڕۆژه‌که‌.

 

پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ

لەبارەی پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، خاوه‌نی کارگەی بەرهەمهێنانی شیش لە ناوچەی پیشەسازی تیماری هەولێر گوتی به‌ ته‌واوبوونی پڕۆژه‌کەیان پێویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق پڕده‌كه‌نه‌وه‌ و پێویستیمان به‌وه‌ نامێنێت شیش له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ بكه‌ین.

به‌ مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی پێویستیی ناوخۆ و پشتبه‌ستن به‌ به‌رهه‌می خۆماڵی له‌ ته‌واوی سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كاندا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زه‌مینه‌یه‌كی بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران ڕه‌خساندووه،‌ تاوەكو پڕۆژه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و به‌رهه‌مه‌كانیشیان هه‌م بخه‌نه‌ بازاڕی كوردستان و هه‌میش هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی‌ بكه‌ن، ئامانجیش هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزبوونی ئابووری هه‌رێمی كوردستانە.

بۆ بینینى ڤیدیۆى ڕاپۆرتەکە کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی شیش، لە هەرێمی کوردستان و عێراق - YouTube

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری

22/2/2022