حکومەتی هەرێم دوو ملیۆن و ٨٢٠ هەزار و ٥٠٩ ژەم ڤاکسینى دابینکردووە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەرگرتن و دبینکردنی ڤاکسینی لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستا بڵاوکردەوە.
وەزیری تەندروستی ئاشکراوی رایگەیاند، تا ئێستا سێ ملیۆن و ٧٤٣ هەزار و ٧٧٢ پشکنینی "پی سی ئاڕ" بۆ هاووڵاتیان کراوە لەو ژمارەیەدا ٣٨٩ هەزار و ٩٠١ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٣٧٣ هەزار و ٩٥٣ تووشبوو چاکبوونەتەوە، هەروەها حەوت هەزار و ١٦٦ کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، هاوکات تاوەکو ئێستا هەشت هەزار و ٧٧٦ تووشبووی ڤایرۆسەکە نەخۆشن و ٤٦ هەزار و ٨٧٨ تووشبووش لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون.
لەبارەی پرۆسەی دابینکردنی ڤاکسینیش بۆ هاووڵاتیان، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە کە سێ جۆر ڤاکسین بۆ هاووڵاتیان دابینکراوە و 180 سەنتەر و 45 تیمی گەڕۆکیش ڤاکسین بە هاووڵاتیان دەدەن.
هەروەها وەزیری تەندروستی ئاشکراشی کردووە کە تا ئێستا دوو ملیۆن و ٨٢٠ هەزار و ٥٠٩ ژەم ڤاکسین دابینکراوە ، لەو ژمارەیەدا دوو ملیۆن و ٤٩ هەزار و ٥٦٥ ژەمی ڤاکسین لەلایەن هاووڵاتیانەوە وەرگیراوە و ٧٧٠ هەزار و ٩٤٤ ژەمی ڤاکسینیش ماوە و هاووڵاتیان دەتوانن لە سەنتەرەکان وەریبگرین.
هەروەها وەزیری تەندروستی روونیکردووەتەوە کە یەک ملیۆن و ١٧٠ هەزار و ٣٨٠ کەس ژەمی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، کە ٣٦%ـی سەرووی تەمەنی ١٨ ساڵین و ٢٧%ـیشی سەرووی تەمەنی ١٢ ساڵین.
هاوکات ٨٧٢ هەزار و ٦٦٠ کەسیش دوو ژەم ڤاکسینیان وەرگرتووە، کە دەکاتە ٢٧%ـی هاووڵاتیانی تەمەن سەرووی ١٨ ساڵی و ٢٠%ـی هاووڵاتیانی تەمەن سەرووی ١٢ ساڵی.
وەزیری تەندروستی روونیشیکردووەتەوە کە ژەمی بەهێزکەر "سێیەم"ـی ڤاکسینی کۆرۆناش بەپێی رێنمایی تایبەت بە هاووڵاتیان دەدرێت.
لە دواین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش کە ٤/١/٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، تێیدا وادەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی تاوەکو ٢٠/١/٢٠٢٢ درێژکراوەتەوە و هەر فەرمانبەر و کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان پابەندی بڕیارەکە نەبێت بە گوێرەی یاسای گشتی تەندروستی و بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢