دروستکردنی شانەیەکی راگەیاندن لە نێوان فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە ۳ی کانوونی دووەمی ۲۰۲۲، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەردانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە چەندین بابەتی گرنگ کە تایبەت بوونی بە میدیا و رۆڵی میدیا لە کاتی شەڕدا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەر یەک لە سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و عەمید عوسمان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە تیایدا ئامادەبوون، جەخت کرایەوە لەسەر هاوئاهەنگی و کاری هاوبەشی میدیایی زیاتر بۆ رێکخستنەوەی راگەیاندنی سەربازی بەگشتی و میدیای وەزارتی پێشمەرگە بەتایبەتی تر.
لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی دروستکردنی شانەیەکی راگەیاندن بە هەماهەنگی لە گەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری بۆ پێدانی زانیاری بە میدیاکان لە کاتی شەڕ و رێگری کردن لە میدیا و میدیاکاران بۆ بەرەکانی جەنگ و میحوەرەکانی پێشمەرگە بە مەبەستی پاراستنی گیانی میدیاکاران و بڵاو نەکردنەوەی وێنە و دیمەنەکانی سەنگەرەکانی پێشمەرگە دانانی ستراتیژیەتێکی میدیایی نیشتمانی بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢