Skip to the content

کۆڕبەندی "کشتوکاڵ داهاتوومانە" لە هەولێر بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوار چێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵ، جوتیاران و سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندێکدا لەشاری هەولێر گەنگەشەی زیادکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان و پڕۆژەکانی کشتوکاڵیان کرد.

کۆڕبەندەکە لە ژێر ناونیشانی ''کشتوکاڵ داهاتوومانە'' بەڕێوەچوو و تیایدا بەرپرسانی حکومەتی هەرێم پاڵپشتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ سێکتەری کشتوکاڵ و وەبەرهێنەران و جوتیاران دووپات کردەوە.

د.محەمەدشوکری محەمەدسەعید، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، لە کۆی ئەو پڕۆژانەی کە پێشکەش بە دەستەی وەبەرهێنان کراون ١٠%ـی لە سێکتەری کشتوکاڵی دا بووە.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویش پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشخستنی زیاتری کەرتی کشتوکاڵی لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت و بەرەو پێشچوونی پڕۆژەکان لە هەرێمی کوردستان ڕوونکردەوە و ئاماژه‌شی به‌وه‌دا، كه‌ نەخشەڕێگای پلانی وەبەرهێنان لە سێکتەری کشتوکاڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان ئامادە دەکەن.

بەشێک لە وەبەرهێنەرەکانی کە بەشداری کۆڕبەندەکەیان کردبوو ڕایانگەیاند، نزیکەی سەدا ٩٠%ـی ئەو کەسانەی کە لە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن دەستی کاری ناوخۆیین، داواشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد پاڵپشتی زیاتری جوتیاران بکەن بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی دابین بکرێت و کادری کشتوکاڵ پێ بگەیێندرێت.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢