وتەبێژى حکومەت لەگەڵ بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن و وتەبێژی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانى حکومەت کۆ بووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى ٩/١/٢٠٢٢ى زایینى، دکتۆر جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە مەبەستى تاوتوێکردنى دۆخى کارى میدیایی و باشترگەیاندنى پەیامى حکومەت بە هاووڵاتیان، لەگەڵ بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن و وتەبێژی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆ بووەوە.
سەرەتا وتەبێژى حکومەت باسى گرنگى و بایەخى کارى میدیایی لە نێو کۆمەڵگەى کوردى و ڕێکخستنەوەى گوتارى حکومەتی کرد و ڕێکخستنەوەى کارى میدیایی بە زەروورەتێکى بەردەوام هەژمار کرد لە ئاست ئەو تەوژمە میدیا و دەنگۆیانەى کە لە نێو کەناڵ و سۆشیاڵ میدیاکانەوە ئاراستەى حکومەت دەکرێت و شێلگیرى فەرمانگەى میدیا و زانیاریشى نەشاردەوە لە یەکانگیرکردنى گوتار و نەهێشتنى جیاوازى حزبی و زاڵکردنى میدیاى حکومى بەسەر میدیاى شەخسى و تاکەکەسى تا هاووڵاتیان زیاتر متمانە بە میدیاى حکومەت بکەن و داتا و زانیارییە واقعییەکان کە ئێستا بڵاو دەکرێنەوە زووتر بگەنە گوێگر و خوێنەر و بینەر.
هەروەها دکتۆر جوتیار عادل بەدەر لەو یەکانگیرییە باسى لەوەش کرد کە فیدباک و چاودێرى میدیاى ناوخۆیی و سۆشیاڵ میدیا زۆر گرنگە و "هەر بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەک پێک هێنراوە بۆ ڕێکخستنەوەى کارى میدیایی لە هەرێمى کوردستان و هەوڵى جددى دەدەین بۆ ئەوەى چیتر ئەم میدیایە فەوزائاسا هاووڵاتیانى ئێمە بەلاڕێدا نەبات و ڕاستییەکانى لا نەشێوێت".
لە پاشاندا هەر یەک لە بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن و وتەبێژی وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان قسە و پێشنیارى خۆیان لەسەر کارى میدیایی لە نێو شوێنى کارەکانیان هێنایە گۆڕێ و سەرەڕاى هێناهەزمانى پێشنیار و لێکدانەوە لەسەر پرسە قسەلێکراوەکان، باسى کەموکورتى و گرفتەکانى بەردەم میدیاى حکومەتیشیان کرد.
بۆ بینینى ڤیدیۆى کۆبونەوەکە کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
https://www.youtube.com/watch?v=jsUYMtGiTXQ