Skip to the content

یەکەم کاروانی حاجییان گەڕانەوە ھەرێمی کوردستان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  ڕۆژی دووشەممە ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٢، یەکەم کاروانی حاجییان لە ڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە، گەرانەوە ھەرێمی کورستان. کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجییانی ھەرێمی کوردستان کە ژمارەیان ٢٠٠ حاجییە و هەموویان دانیشتووی پارێزگای ھەولێرن، لە ڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە گەڕانەوە ھەرێمی کوردستان.

بەشدارانی حەج لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ ٢١٢٠، حاجی بوون و بە ٥ کاروان تا ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٢، دوای جێبەجێکردنی فەریزەکانی حەج دەگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان، سبە و دووسبەی دوو کاروانی دیکە کە دانیشتووی پارێزگاکانی سلێمانی و دھۆکن دەگەڕێنەوە و تەواوی حاجییان لە ڕووی تەندروستییەوە سەلامەتن و توشی ھیچ ڕووداوێکی نەخوازراو نەبوون.

دوای ٢ساڵ وەستانی حەج، بەھۆی پەتای کۆڕۆنا ئەم ساڵ ٢ ھەزار و ١٢٠ ھاوڵاتی ھەرێمی کوردستان بەشداری حەجییان کرد، و بڕیاریشە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ڕێژەکە ئاسایی ببێتەوە و زیاتر لە ٤ ھەزار ھاوڵاتی بەشداری حەج بکەن و مەرجی تەمەن لەسەر ھاوڵاتییان ھەڵبگیرت.   

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٨ی تەمووزی ٢٠٢٢