سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لە شاندی حکومەتی هەرێم دەکات
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، د.عەبدولەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە شاری بەغدا، پێشوازی لە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆککۆماری عێراق خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا دەربڕی و جەختی کردەوە کە پێویستە دەستوور وەکو بنەمایەک سەیر بکرێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و پشتیوانی خۆیشی بۆ سەرخستنی گفتوگۆکان لەو چوارچێوەیە پیشاندا.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سوپاسی سەرۆککۆماریان کرد بۆ ئەو پێشوازی و پاڵپشتییە و ئاماژەیان بەوەدا کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی خۆی پیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن و لەسەر بنەمای دەستوور.
شاندی حکومەتی هەرێم پێکهاتبوون لە د.دارا رەشید، وەزیری پلاندانان، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.ئامانج رەحیم، سکرێتری ئەنجومەنی وەزیران، د.عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وسەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢