Skip to the content

لە دەڤەرى ڕانیە چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لەبواری جێبەجێکردندان

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- دوێنێ دووشەممە ڕێکەوتی ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە بەسەرکردنەوەى پڕۆژەی دروستکردنی پردی دەربەندی ڕانیە، باسى لەوە کرد کە "پڕۆژەکە، بە شێوەیەکی باش دەستی پێ کردووەتەوە و ئێستا لە قۆناغی دانانی گێردەرەکانی پردەکەیە و ڕێژەی ئەنجامدراویش گەیشتوەتە ٥٨٪‏، ھیوادارین لە مانگی ئایاری ئایندە تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەتی ھاووڵاتیان".
‎پردی نوێی دەربەندی ڕانیە کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکومەتى هەرێم و لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین جێبەجی دەکرێت، گوژمەى جێبەجێکردنەکەى ١٢ ملیار و ٥٨٠ ملیۆن دینارە کە تا ئێستا کارەکانی کۆڵۆم و کۆڵۆم کەپ و ئەبەتمێنتی تەواو بوون و بڕینی ڕێگاکە لە هەردوو بەری ڕانیە و بنگرد گەیشتووەتە ئاستی سەبگرەید و ٣٨٪ی کاری گێردەریشی تەواوە بووە و سپانی (٣٫٤٫٥)ى تەواو بووە و ئێستا کاری بەستن و قایمکردنی گێردەرەکان بۆ سپانی (٦) دەکرێت و لە ھەمان کاتیش گێردەری پێویست دروست کراوە و بەڕێ کراوە بۆ سپانی (٢).
‎وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى لەم بارەوە باسى کرد کە " پڕۆژەى دروستکردنى پردى ڕانیە ـ بنگرد بە پشتیوانى ئیدارەى ڕاپەڕین بە باشى بەڕێوە دەچێت و لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەی ڕێگای دووکان ـ چوارقوڕنە کە بە ھۆی گرفتێکی ھونەرییەوە وەستابوو، لە نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە چارەسەر کراوە و وەک وەزارەت ھەموو ڕێکارە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە تەواو کراوە بۆ ئەوەی بەڵێندەر دەست بە کار بێت و وەک مژدەیەکیش بۆ دانیشتوانی سنوورەکە، پلانێکمان داناوە لەسەر قەرزی بانکی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ئایندە ڕێگای دووسایدی دەربەند ـ ژاراوە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.