Skip to the content

نرخى دەرمان لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان ڕێکدەخرێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕێکخستنەوەى دەرمان و هاوردەکردنی دەرمانى کوالێتى بەرز و ڕێکخستنەوە و چاودێریى کۆمپانیاکانى تایبەت بە هاوردەکردنى دەرمان و شەفافکردنى زانیارى تایبەت لەسەر دەرمانەکە، یەکێک بوو لە هەنگاوە گەورە و جدییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کابینەى نۆیەم کە ئێستا کارى لەسەر کراوە و جێبەجێ دەکرێت.

بڕیارى یەکخستنەوەى نرخی دەرمان، لە مانگى تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢، لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان دەستى پێ کرد و ئەمەش کاریگەرییەکى گەورەى لەسەر شەفافیەتى بەهاى دەرمان و نەهێشتنى پاشاگەردانى لە نێو بازاڕ دەرمان هەبوو.

دکتۆر شێروان سادق، بەڕێوەبەرى گشتیی کوالێتى کۆنتڕۆڵى دەرمان، بە پێگەى فەرمی حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیاند:"پێشتر لەبەر زۆرى و بۆرى و نەبوونى تۆمارى کارگە و کۆمپانیا و بەرهەمە دەرمانییەکان، نەدەتوانرا نرخى دەرمان لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان یەکبخرێتەوە، بەڵام حکومەتى هەرێمی کوردستان لە ڕێگەى وەزارەتى تەندرووستییەوە وەک هەنگاوى یەکەم ئەم کارەى کرد و قۆناغى دووەمیش پێداچوونەوەیە بە نرخى دەرمان، ئێستا هاووڵاتیانى کوردستان لەسەر کیو ئاڕ کۆدى دەرمان هاووڵاتیان دەتوانن نرخە دیاریکراوەکەى لە لایەن حکومەتەوە بزانن و بەمەش هاووڵاتى چیتر لە لایەن فرۆشیاران و دەرمانخانەکانەوە پارەى زیادەیان لێ وەرناگیرێت".

دەرمانەکان ستیکەرى نوێى لەسەر دەدرێت و بڕیارە حکومەتى هەرێمی کوردستان چاودێرییەکى گەورە و جدی بخاتە سەر بازاڕى دەرمان بۆ ئەوەى بە هیچ شێوەیەک ساختەکارى لەم نرخە نەکرێت و سزاى قورسیش هەیە بۆ ئەم مەبەستە تا هیچ کەسێک فێڵ لە هاووڵاتیان نەکات لە جۆر و کوالێتى دەرمان و نرخەکەى.

دکتۆر شێروان سادق راشیگەیاند: "لەبارەی کێشەی هاوردەکردنی دەرمانی قاچاخ، هەندێک هۆکاری بنچینەیی هەبوون لە کوالیتیی کۆنتڕۆڵ، وەک ئەوەی باسمکرد کە پشکنینی دەرمان دوادەکەوت و دەرمانی قاچاخ و یاسایی لە بازاڕدا تێکەڵ دەبوون، ڕۆتیناتی ڕێگەپێدان زۆر بوون، تا ڕێگەپێدان وەردەگیرا، خەڵک دەستی بۆ ڕێگە نایاساییەکان دەبرد، بەڵام وەک ئەوەی ئێستا باسمانکرد، ئێمە هاتین هۆکارەکانی پشت هێنانی دەرمانی قاچاخمان چارەسەر کرد، ئێستا دەرمانی پێویست بەشێوەی فەرمی هاوردە دەکرێت، تیمەکانمان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و ئاسایشی بازگە و خاڵە سنوورییەکان، وامان کرد بە شێوەیەکی توندتر ڕێوشوێن بگرینەبەر و چاودێری بکەین. بۆیە ڕێگرییەکی زۆر لە دەرمانی قاچاخ کراوە و ئێستا بە ئاستێکی بەرز کۆنتڕۆڵ کراوە".

حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتیان و چاودێریکردنى تەندرووستیان، بەردەوام هەنگاوى جدی هەڵدەگرێت و کارى گەورە دەکات و ئەمەش بە ئەرکى خۆى دەزانێت و ئاسەوارەکانى ئەم کار و هەنگاوانەش لە ئێستاوە دەرکەوتوون و لە ئایندەشدا زیاتر دەردەکەون.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢