وەزارەتی کشتوکاڵ کار بۆ بە دیجيتاڵکردنی پڕۆژەکانى ئاو دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە شاری هەولێر، سمپۆزیۆمێک بۆ بەدیجیتاڵکردنی سەرچاوەکانی ئاو بەڕێوە چوو.
سمپۆزیۆمەکە لە پێناو بڕیاردانی چاکتر و بەدیجیتاڵکردنی داتاکانی تایبەت بەکار و پڕۆژەکانی ئاو و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو کەسانەبوو کە لەبواری (GIS) کار دەکەن. بۆ زیاتر قسەکردن لەسەر هەوڵەکان بۆ بە دیجیتاڵ کردنی داتاکانی تایبەت بە کار و پڕۆژەکانى ئاو، فەرمانگەی میدیا و زانیاری چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ د.کاروان هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەنجام دا.
ـ بەدیجیتاڵکردنى داتاکانى تایبەت بە کار و پڕۆژەکانى ئاو، بۆ چ مەبەستێکە و چ سوودێک لە خێراترکردن و باشترکردنى کار و پڕۆژەکان دەبێت؟
د. کاروان هەورامی: دەمانەوێت ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی ئاو كه هه‌مانه چ ئه‌وانه‌ی ژێرزه‌وی یا سه‌رزه‌وی و بیره‌كان و وێستگه‌كانی كه‌شناسیی، هه‌مووی له داتابه‌یسێك كۆ بكه‌ینه‌وه و له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌ك هه‌مانبێت و به یه‌ك كلیك زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه وه‌ربگرین.
بۆ نموونه، ئه‌و بیرانه‌ی هه‌مانن كاتێك كۆدیان پێ ده‌ده‌ین ده‌توانین به ئاسانی و به یه‌ك كلیك زانیاری ته‌واو له‌سه‌ریان بخەینە به‌ر ده‌ستمان و له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌كیش خاڵی ئه‌م بیرانه ده‌ستنیشان بكه‌ین. ئه‌م هه‌نگاوەشمان له بیره‌كانه‌وه ده‌ست پێ كردووه و ده‌مانه‌وێت هه‌موو كانی و كارێز و سه‌رچاوه‌كانی دیكه‌ی ئاو تۆمار بکەین. ئەم پڕۆژەیە سه‌ره‌تا سوودی بۆ حكومه‌ت ده‌بێت، چونكه له ڕێگه‌ی بەدیجیتاڵکردنەکە، ئه‌و فایلانه‌ی هه‌ن له له‌ناوچوون ده‌پارێزرێن و وه‌ك داتابه‌یسێكى لێ دێت بۆ حكومه‌ت و هه‌ر كاتێكیش هاووڵاتییه‌ك سه‌ردان بكات به ئاسانترین شێوه‌یه ده‌توانێت زانیارییه‌كانی نیشان بدەین. هه‌روه‌ها سوودى بۆ توێژینه‌وه‌ی زانكۆكانیش دەبێت كه ده‌یانه‌وێت توێژینه‌وه له كه‌رتی ئاودا بكه‌ن. لەگەڵ ئەوەشدا دانانی به‌رنامه و پلانی ئێمە ئاسانتر دەکات.
ـ تا ئێستا چۆن زانیارى دراوەتە خاوەن کار و پڕۆژەکان بە مەبەستى ئەنجامدانى پڕۆژەى گەورە؟
د. کاروان هەورامی: تا ئێستا لە پڕۆژە گه‌وره‌كانی كشتوكاڵ و وه‌به‌رهێنان و پیشەسازیی، زۆر حساب له‌سه‌ر ئاو نه‌كراوه، به‌ڵكو ته‌نیا پشتیان به بیره‌كان به‌ستووه، خاوه‌ن پڕۆژە ده‌زانێت ئه‌و پڕۆژەیە‌ی کە ئه‌نجامی ده‌دات سه‌رچاوه‌ی ئاوی لێیه یان نا، بۆیه ده‌بێت خۆی بڕیار له شوێنی پڕۆژەكانیان بده‌ن و هه‌ڵبژاردنی شوێنه‌كانیان به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ی ئاو بێت، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی ئه‌م به دیجیتاڵكردنه‌وه ئاسانتر ده‌بێت.
ـ دابەشکردنى ئاستەکانى پڕۆژە و خاوەن پڕۆژەکان، لەسەر چ بنەمایەکە بۆ خاوەن کارەکان؟
د. کاروان هەورامی: ئاسته‌كان تایبه‌ته به به‌ڕێوه‌یبه‌رایه‌تییه‌كانی ئێمه، چونكه سه‌ره‌تا ده‌بێت به‌شی (GIS )ی هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانمان كارا و ڕێك بخه‌ینه‌وە و وایان لێبكه‌ین لینكێكی خێرا له نێوانیان هه‌بێت. له هه‌ندێك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی، كاره‌كان باشن و هه‌ندێكیشیان باش نین، بۆیه ده‌بێت پێداچوونه‌وه به دابه‌شكردنی تواناكان بكرێته‌وه و هاوسه‌نگییه‌ك دروست بكه‌ین له نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان.
ـ سوودى زانکۆکان بۆ بەڕێوەبەرایەتیى گشتى سەرچاوەکانى ئاو چییە و ئەوان چۆن دەتوانن هاوکارتان بن و ئێوە چ دەکەن بۆ ئەوەى ئەوان چالاکانە بێنە پێشەوە؟
د. کاروان هەورامی: ده‌مانه‌وێت هه‌موو زانكۆ و داموده‌زگاكانی دیكه ته‌واوكه‌ری یه‌كتری بن و به یه‌كیانه‌وه ببه‌ستینه‌وه و پێویسته زیاتر پشت به پسپۆڕییە ناوخۆییه‌كان ببه‌ستین. ئێستا، په‌یوه‌ندییه‌كی باش له نێوان ئێمه و زانكۆكان هه‌یه، به‌تایبه‌ت زانكۆی سه‌لاحه‌ددین و ئه‌و به‌شانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به ئاو هه‌یه، وه‌ك جوگرافیا و جیۆلۆجی و ئه‌ندازیاری، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ كۆلێژی كشتوكاڵیش هه‌ماهه‌نگین و خوازیارى دروستکردنى ئەو پەیوەندى و هەماهەنگییەشین لەگەڵ سەرجەم زانکۆکان. ئێمە سیاسەتى ده‌رگای كراوه‌مان بۆ زانكۆکان په‌یڕە‌و كردووه، بۆ نمونە ئه‌و پۆندانه‌ی دروستی ده‌كه‌ین و پلانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لافاو و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاوی ژێرزه‌وی و به‌دیجیتاڵكردنی سه‌رچاوه‌كانی ئاو، هه‌مووی به ڕاوێژ بووه لەگه‌ڵ زانكۆكان.
ـ ئاستى ئاوى هەرێمى کوردستان (سەرزەوی و ژێرزەوی) چۆنە و چیش کراوە بۆ زیادکردنى ئەو ئاوە و خۆگونجان لەگەڵ گۆڕینى کەشوهەوا؟
د. کاروان هەورامی: ئەگەر بەم شێوەیە بچینە پێشەوە، لە ئاستێکى مەترسیدارداین. بەدەر لەمەش ده‌بیت هەمیشە خۆمان بۆ وشكه‌ساڵی و لافاو ئاماده بکەین، چونكه هه‌ردووكیان ده‌رهاوێشته‌ی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌ش و هه‌وان و كاریگه‌رییه‌كی زۆریان له‌سه‌رمان هەبووە، به‌ڵام ئێمه وه‌ك حكومه‌ت له لایه‌ك خه‌ریكی ڕێكخستنه‌وه‌ی یاسا و ڕێنماییه‌كانین و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه چاكسازییه‌كی زۆرمان له‌و كه‌رته كردووه و هه‌روه‌ها خه‌ریكی دروستكردنی چه‌ند پۆند و به‌نداو و پڕۆژە‌ی ئاودێرین تا سوود له ئاوەکانیان وه‌ربگرین كه له كاتی بارانبارین کۆدەبێتەوە و نەبێته لافاو و بشیگەڕێنینەوە بۆ ژێر زه‌وه‌ی تا ئاوى بیرەکان و کانیاوەکان دووبارە پاراو بکەینەوە. ئه‌مه‌شمان وه‌ك ئه‌زموون و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ تیمێكی به‌ڕازیلی له شه‌قڵاوه جێبه‌جێ کردووە، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بین ئه‌وكات له هه‌موو كوردستان جێبه‌جێی ده‌كه‌ین.
ـ ئێستا چەند پڕۆژەى گرنگى ئاوى جێبەجێ دەکرێن و گرنگترینیان چین؟
د. کاروان هەورامی: ژماره‌یه‌ك به‌نداو و پۆندى گرنگ لە حاڵى جێبه‌جێكردندان و بە بڕیاری بەڕێز سه‌رۆكی حكومه‌ت، نزیکەى ٢٥ پۆندیش لە ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان ته‌نده‌رینگیان بۆ کراوە. ئه‌وانه‌ی پارێزگاى هه‌ولێریش له ئایندەدا ده‌كرێنه‌وه و له پارێزگاى دهۆكیش له سه‌روبه‌ندی ته‌نده‌رینگی پۆنده‌كانین. بە گشتى هه‌ندێك پڕۆژە‌ی دیكه‌ش هه‌ن وه‌ك پڕۆژە‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لافاوی هه‌ولێر كه تیمه‌كانی ئاودێری هه‌ولێر كه سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی سه‌رچاوه‌كانی ئاون، خه‌ریكی پاككردنه‌وه‌ی كه‌نده‌كان و لابردنی سه‌رپێچییه‌كانن و ئاماده‌كاری كراوه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئەگەرى لافاو. هه‌روه‌ها دیزاینی چه‌ند پۆندێك كراوه بۆ ئه‌وه‌ی له باكوور و ڕۆژئاوای شاری هه‌ولێر دروست بکرێن، تا ساڵانی ئایندە هه‌ولێر پارێزراوتر بێت له کارەساتى لافاو.\
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢