پاڵاوگەی (لاناز) پرۆژەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوتەمەنی و رەخساندنی دەرفەتی کار
هەولێر، هەرێمی كوردستان (GOV.KRD)- پاڵاوتگەی (لاناز) سەرەڕای ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ نزیکەی ٢ هەزار کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ و سوودمەند بوونی ژمارەیەکی زۆرتری دیکە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، بەشێکی کێشەی سوتەمەنیی، بەتایبەتی بەنزین لە کوردستان چارەسەر کردووە.
پاڵاوگەی (لاناز)، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە ڕێورەسمێکدا، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی کرایەوە.
پاڵاوگەکە، ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی ٧٥ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە و یەك ملیۆن و ٧٠٠ هەزار لیتر بەنزین و پێنج هەزار تۆن قیر و چەندین جۆر بەرهەمی دیکەی سوتەنی لە گازوائیل و نەوتی سووک و قورس و گازی شل بەرهەمدێنێت.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمەکەدا، ئاماژەی بە کاری سەرەکیی پاڵاوگەکە بۆ بەرهەمهێنانی سوتەمەنی بۆ سوود وەرگرتنی هاوڵاتیان کرد و ئاماژەشی بە دەستەبەرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی هەلی کار بۆ دانیشتوانانی هەرێمی کوردستان کرد، کە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پشتگیری لە دابینکردنی دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییانی کوردستان.
پاڵاوگەی (لاناز)، لەسەر ڕووبەری ٦٢٠ دۆنم زەوی دروستکراوە و خاوەنی ٦٤ کۆگای سوتەمەنییە بە قەبارەی جیاواز، کە کۆی توانای کۆگاکردنیان دەگاتە ٣٥٠ هەزار مەتری سێجا.
پاڵاوگەکە لە کاتژمێرێکدا توانای پاڵاوتنی ئەم بڕە سوتەمەنییە هەیە:
بارکردن و ناردنی ٥٠ تۆن غازی شل و ٣٣٠ مەترسێجا بهنزین و ٢٧٠ مەتر سێجا گازوایل و ٢٤٠ مەتر سێجا نەوتی ڕەش و ٢٥٠ تۆن قیر.
(لاناز) کێشەی کارەبای خۆی چارەسەر کردووە و هیچ بارگرانییەکی لەسەری تۆڕی کارەبای گشتی دروست نەکردووە. پاڵاوگەکە بۆ کارپێکردنی پێویستی بە نزیکەی ٣٧ مێگاوات کارەبا هەیە. بەهۆی دروستکردنی پاوەر پلانتێکی گەورە بۆ خۆی کارەبای خۆی دابین دەکات، بۆ خۆیشی سوتەمەنی بەرهەمهێنانی کارەباکەشی دابین دەکات.
پاڵاوگەکە پاشماوەی نەوتی ڕەشی پاڵاوگەکانی دیکەش وەردەگرێت و دەیکاتە قیر، جگە لە بەکارهێنانی لە ناوخۆی کوردستان بۆ وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەناردە دەکرێت و بە هۆی بەکارهێنانی تـەكـنـەلـۆژیـایـەكـی پـێـشـكـەوتـووەوە لە پرۆسەی پاڵاوتندا، ژینگەپارێزە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢