Skip to the content

حکومەت هاتووچۆی خۆرایی بۆ ٤٥٠ قوتابی کەمئەندام لە هەولێر دابیندەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی قوتابییانی کەمئەندام، لەڕێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە، پاسی گواستنەوەی خۆرایی بۆ ٤٥٠ قوتابی کەمئەندام لە ناوەوە و دەوروبەری پارێزگای هەولێر دابینکردووە.

تانیا جەمال، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: ڕۆژانە لەڕێگەی ٥٠ پاسەوە، هاتووچۆ بە ٤٥٠ قوتابی کەمئەندام دەکرێت، کە نیشتەجێی ناوەوە و دەوروبەری پارێزگای هەولێرن.

سەرەڕای دابینکردنی پاسی گواستنەوە بۆ هاتووچۆکردنی قوتابییان، حکومەت مانگانە خەرجیی گیرفانیش بۆ ئەو قوتابییانە خەرج دەکات و یارمەتیی داراییان دەدات، بۆ ئەوەی بارگرانیی لەسەر خێزانەکانیان دروست نەکەن.

سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی لە دیوانیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەوەشی گوت: قوتابییەکان لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تاوەکو نۆی بنەڕەتین کە لە پەیمانگا و سەنتەرەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەخوێنن، ئەوانیش پێکدێن لە؛ پەیمانگای ڕۆناکی نابینایان، پەیمانگای ئاواتی بیرکۆڵان، پەیمانگای هیوای نابیستان، پەیمانگای هانا بۆ شیاندنی کەمئەندامان و سەنتەری ئۆتیزم.

مانگانە لە سەنتەری ڕۆشا بۆ زانستەکانی کۆمپیوتەر، خولی فێربوونی کۆمپیوتەر و مۆبایلی زیرەک بۆ نابینایان دەکرێتەوە، و نابینایان فێری بەکارهێنانی کۆمپیوتەر، کیبۆرد و مۆبایلی زیرەک دەکرێن. ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە خزمەتی زیاتری کەمئەندامان بکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢