Skip to the content

‎حکومەت هاتووچۆی خۆڕایی بۆ ٢٤٣ قوتابی کەمئەندام لە دهۆک دابیندەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بۆ پاڵپشتیکردنی قوتابییانی کەمئەندام، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە پاسی هاتووچۆکردن و گواستنەوەی خۆرایی بۆ ٢٤٣ قوتابی کەمئەندام لە سەنتەر و دەوروبەری پارێزگای دهۆک، دابینکردووە.
 
‎ساڵح محەممەد، بەرپرسی هۆبەی سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپیدانی کۆمەڵایەتیی دهۆک، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:“رۆژانە لەڕێگەی ٢٨ پاسەوە، هاتووچۆ بە ٢٤٣ قوتابی کەمئەندام دەکرێت، کە نیشتەجێی سەنتەری و دەوروبەری پارێزگای دهۆکن.“
 
‎سەرەڕای دابینکردنی پاسی گواستنەوە بۆ هاتووچۆکردنی قوتابییان، حکومەت مانگانە خەرجیی گیرفانیش بۆ ئەو قوتابییانە خەرج دەکات و یارمەتیی داراییان دەدات، بۆ ئەوەی بارگرانیی لەسەر خیزانەکانیان دروست نەکەن.
 
‎بەرپرسی هۆبەی سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپیدانی کۆمەڵایەتیی دهۆک، ئەوەشی گوت:“قوتابییەکان لە پۆلی یەکی بنەڕەتی تاوەکو ٩ی بنەڕەتین کە لە پەیمانگە و سەنتەرەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەخوێنن، ئەوانیش پێکدێن لە: پەیمانگەی روناکی نابینایان، پەیمانگەی ئاواتی بیرکۆڵان، پەیمانگەی هیوای نابیستان، پەیمانگەی هانای پیشەیی، سەنتەری دەنگ و سەنتەری ئۆتیزم."
 
‎ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەواوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی رەخساندنی دەرفەتی خوێندن دەیەوێت خزمەتی زیاتری کەمئەندامان بکات و لەمڕووەشەوە؛ چەندین پەیمانگە و سەنتەری تایبەتی بۆیان دابینکردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢