سێ بازاڕ و پێشانگای بەرهەمی خۆماڵی بە سەرپەرشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێنەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی تایبەتی بە سێكتەری كشتوكاڵ داوە، بەتایبەت پەرەپێدانی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆیی و هەناردەکردن.
لە دهۆک، سێ چالاکیی گرنگی کشتوکاڵ بۆ خستنەڕووی بەروبوومی ناوخۆیی بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوون. یەکەم، بازاڕی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ ماوەی هەفتەیەک کراوەتەوە و جووتیارانی ناوچەکە، بەرهەمەکانیان لەم بازاڕدا دەخەنەڕوو. دووەم بەرهەمی ترێ و هەنگوێنی خۆماڵی لە پێشانگایەکی کشتوکاڵی لە دهۆک خرایەڕوو. سێیەم، هەموو هەینییەک بەروبوومی خۆماڵی بە مەبەستی بە بازاڕکردنی دەخرێنە ڕوو و نمایش دەکرێن.
پارێزگای دهۆك بەژمارەیەك بەرهەمی خۆماڵی بەناوبانگە، لەوانە ترێ كە ساڵانە نزیكە ٧٠ هەزار تۆن بەرهەم دێنێت و هەروەها سێو و قەزوان و برنج لە بەروبوومە گرنگەکانی پارێزگای دهۆکن.
ئەحمەد جەمیل، بەرێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆك لە لێدوانێكدا بۆ پێگەى فەرمى حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:''ئەم بازاڕانە بە سەرپەرشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاندنی دهۆك دەكرێنەوە و ئامانج لە كردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگایانە پیشاندانی بەرهەمی خۆماڵی بە كوالێتیی بەرز و بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانمانە. ''
جووتیارانی ناوچەکە لە رێگەی ئەم بازاڕ و پیشانگایانە کۆ دەبنەوە و لەبارەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکەن و سەردانکردنی ئەم بازاڕانە لە لایەن خەڵكێکی زۆرەوە بووەتە هۆی گرنگیدانی زیاتر بە بەرهەمی ناوخۆیی.
بەرێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆك، ئامادەیی حکومەت بۆ یارمەتیدانی جووتیاران و ئاسانكاری بۆ دابینکردنی پێویستییەکانیان خستەڕوو، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی بەرهەمەكانیان بە بازاڕ بكەن. پەتاتە و ترێ و سێو و هەنگوین و سماق مێوژ و هەنجیر لە گرنگترین بەروبوومی ناوخۆیین کە بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان هەناردە دەکرێن.
بازاڕی بەرهەمی خۆماڵی لە دهۆك بەبەشداری ١٠ جووتیاری كورد کراوەتەوە و بەروبوومی ترێ و هەنار و سێو و هەنگوین و سماق و گژنیژ و نۆك و بەرهەمی وشککراوی (مێوژ و هەنجیر و قەیسی و مرەبا و دۆشاو) نمایشكران. ئەم بازاڕانە بۆ یەكەمجارە دەكرێنەوە و گرنگییەكەیان لەوەدایە لە شوێنی گشتی و بازرگانی لە مۆڵێکی گەشتیاری کراونەتەوە و زۆربەی گەشتیاران سەردانی دەکەن، بەتایبەتی گەشتیارانی عەرەب، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر ئاشنا بوونیان بە بەروبوومی خۆماڵیی کوردستان.
بازاڕی دووەم، بازاڕی هەفتانەی بەروبوومی ناوخۆیی لە كۆمەڵگەی باكێڕا لە ڕۆژانی هەیینی هەموو هەفتەیەک دەکرێتەوە و ١٠ تا ١٥ جووتیار بە بەرهەمەکانیانەوە بەشداری تێیدا دەکەن. بەروبوومی مێوە و بەرهەمە سپیەكان و سەوزەوات و هەنگوین و بەروبوومی وشککراو لەم بازاڕەدا دەخرێنە ڕوو. ئەم بازاڕە لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ دەستپێكردنی كابینەی نۆیەم کراوەتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە.
بازاری سێیەمی کشتوکاڵی دهۆک، پیشانگای ترێ و هەنگوینە. ئەم پیشانگایە بە هاوبەشیی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی چاندنی دهۆك و كاڤین گروپ- فاملی مۆڵ بە بەشداری نزیکەی ٥٠ جووتیار و هەنگەوان کراوەتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میکانیزم و شێوازی جۆراوجۆر رۆڵی خۆی بۆ پەرەپێدانی بەروبوومی ناوخۆیی و بە بازاڕکردن و هەناردە و رەخساندنی هەڵی کار دەگێڕێت.
سەپاندنی باج لەسەر بەرهەمی بیانی لە كاتی گەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی و رێگەنەدان بە هاوردەكردنی ئەو بەرهەمە بیانیانەی کە بەرهەمی خۆماڵی پێداویستیی بازاڕی ناوخۆیی دابین دەكەن، بەشێکن لە میکانیزمی حکومەت بۆ یارمەتیدانی جووتیاران. لەگەڵ ئەمەشدا، هاوكاری كردنی جووتیاران لە ڕێگەی دابینکردنی كۆگای ساردکەرەوە بۆ پاراستنی بەرهەمەكانیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ پرۆژەكانیان و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی بەرهەمی جووتیاران بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق بەشێکی دیکەی یارمەتییەکانی حکومەتن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢