Skip to the content

شێوازی حوکمڕانی و ژیانی کۆمەڵایەتی و سەربازی و ئابووری شارستانییەتەکانی هەزارەی دوومی پێش زایین لە کوردستان دەخرێتەڕوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- سیمپۆزێۆمی زانستیی شوێنەواری تایبەت بە هەزارەی دووەمی پێش زایین تایبەت بە کوردستان بەڕێوە دەچێت.
کەیفی مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی راگەیاند، سیمپۆزێۆمی زانستی شوێنەواری تایبەت بە هەزارەی دووەمی پێش زایین تایبەت بە کوردستان بە هاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان و پەیمانگای فەڕەنسی IFPO لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەمە (٢٣ - ٢٤) تشرینی یەکەم لە هۆڵی توانا مرۆییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوزار لە گەڕەکی ڕووناکی بەڕێوە دەچێت.
کەیفی مستەفا گووتیشی لە دوو رۆژی سمپۆزێۆمدا، ١٢ بابەتی زانستی لەلایەن چەند پسپۆرێکی بواری شوێنەوار لە ناوخۆ و دەرەوە بەتایبەتی ئەنجامی نوێی هەڵکۆڵین لە هەرێمی کوردستان بۆ سەردەمی هەزارەی دووەمی پێش زایین (چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا) لەگەڵ هەندێ کار و چالاکیی شوێنەوارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک پێشکەش دەکرێن.
بە وتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری هەرێمی کوردستان، لە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی شوێنەواردا، حوکمڕانی ئەوکات و شێوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سەربازی و ئابووری و جۆری حوکمڕانییەکەیان و پەیوەندییان لەگەڵ شارستانییەتەکانی دەوروبەر دەخرێنە ڕوو. بەتایبەتی گرنگی بە رۆڵ و کاریگەری لەسەر بونیادنانی شارستانییەت لە ناوچەی میزۆپۆتامیا لە لایەن هەردوو شارستانییەتی ئاشووری و میتانییەکانەوە دەدرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢