Skip to the content

نزیکەی نیوەی قۆناخی یەکەمی پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی تەواو بووە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ هەموو شارەکان و گرنگیدان بە دروستکردنی ڕێگەوبان و بوونیادنانی ژێرخانی ئابووری.
پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی کە لە کابینەی نۆیەم بەڵێنی دروستکردنی درا، لە ئێستادا کارەکانی بەردەوامە. پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی، بە تۆری شەقامە لاوەکییەکانیەوە درێژییەکەی ١٤٥ کیلۆمەترە و بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت. قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە بڕی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخانکراوە و لەماوەی کارکردنیدا ٦٠٠ ئامێر کاری تێدا کردووە و زیاتر لە ١٠٠٠ هەلی کاری راستەوخۆی ڕەخساندووە.
ئەبوبەکر تەیب، بەڕێوەبەری پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە ٣٤ کیلۆمەتر درێژە، لە شارۆچکەی تاسڵوجەوە دەستپێدەکات تا گوندی دەمرکان و ٤٦٪ـی کارەکانی تەواو بووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەیەوێت بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، کێشەی قەرەباڵغی و جەنجاڵیی شەقامەکانی سلێمانی چارەسەر بکات و لە پێناو کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و سووتانی بەنزینی کەمتر لەناو شار و پاراستنی ژینگە ئاسانکاریی تەواو بۆ شۆفێران بکات.
لەبارەی پێکهاتەی پرۆژەکەوە، بەڕێوەبەری پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی گووتی: شەقامەکە چوار سایدی هاتن و چوونە و پانییەکەشی ١٠٠ مەترە، هەروەها ٥ ئەندەرپاس، ٧ یەکتربڕ و ٣ پردی پەپوولەیی لەخۆ دەگرێت. جگە لەوەی لەسەر چەمی تاسڵوجە، پردێک دروستدەکرێت کە درێژییەکەی ٥٠٠ مەترە و ٢٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.
ئەبوبەکر تەیب، سەبارەت بە دابینکردنی کارەبا و تۆڕی ئاو بۆ شەقامە، گووتی: قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە، ٦٧ ئاوباری کۆنکرێتی بۆ پەڕینەوەی ئاوی باراناو لەخۆدەگرێت کە درێژایی هەر یەکێکیان ١١٠ مەترە، هەروەها تۆڕێكی کارەبای مۆدێرنی بۆ رووناککردنەوەی تەواوی شەقامەکە تێیدایە.
بە تەواوبوونی ئەم قۆناخەی پرۆژەکە، قەرەباڵغی و جەنجاڵیی بەشێك لە شەقامەکانی سلێمانی کەم دەبێتەوە و هاتووچۆی شۆفێران ئاسانتر دەبێت، هەروەها ئەم ناوچەیە لەڕووی ئابووری و گەشتیارییەوە دەبووژێتەوە.