Skip to the content

کارگە و ناوچە پیشەسازییەکان ناچارن ٢٥%ى ڕووبەرى پڕۆژەکانیان بکەنە سەوزایی

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى دەستەى پاراستن و ژینگە، هەنگاوى جدی هەڵێناوەتەوە بۆ زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی و پێدانى هۆشیارى بە هاووڵاتیان و خاوەن کارگەکان بە مەبەستى پاراستن و سەرسەوزترکردنی ژینگەى کوردستان و بەرزکردنەوەى بۆ سەر ڕێژەى ستانداردى خۆى. بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنمایی تایبەت دەرکراوە بۆ سەوزکردنى بەشێک لە ڕووبەرى کارگە و ناوچە پیشەسازییەکان.

کارگەى بەرهەمهێنانی شیش لە هەولێر، کە یەکێکە لە کارگە گەورەکان، ڕووبەری سەوزاییەکە زۆر کەم بوو، بەڵام لەسەر بنەماى ڕێنماییەکانى دەستەى پاراستن و چاککردنی ژینگە، ئێستا ڕووبەرى سەوزاییەکەى بەرز کرایەوە بۆ سەرووى ٢٥%. بۆتان سەمەد، بەڕێوەبەرى کارگەى شیشەکەى هەولێر لەم بارەوە گوتى: "لە ساڵى ٢٠١٩، ڕێژەى سەوزایی لە کارگەکەمان دوو هەزار و ٥٠٠ مەتر دووجا بوو، بەڵام لەسەر ڕێنمایی حکومەت و لە ماوەیەکی کەم توانیمان ئەم ڕێژەیە بگەیێنینە سەرووى ١٨ هەزار مەتر دووجا و بەدەر لەمەش کارمان لەسەر پاڵاوتن و خاوێنکردنەوەى ئاوى ئاوەڕۆش کردووە و ڕۆژانە ٦٠٠ مەتر سێجا ئاوى ئاوەڕۆ پاک دەکەینەوە و دووبارە بەکارى دەهێنینەوە بۆ ئاودانى سەوزاییەکە و هەندێک بابەتى دیکە".
زیادکردنی ڕێژەیی سەوزایی لە پڕۆژە و ناوچە پیشەسازییەکان، یەکێکە لە هەنگاوە کردەییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت بۆ پاراستنی ژینگە و بە پێی ڕێنماییەکانی حکومەتیش دەبێت هەموو کارگە و پرۆژەیەک یەک لەسەر چوارى ڕووبەرەکەى تەرخان بکات بۆ سەوزایی، ئەگەر نا مۆڵەتی کارکردنی پێ نادرێت، لەم بارەوە یوسف کەریم، خاوەنى کارگەى شیرەمەنى گوتى: "بە پێى ئەو ڕێنماییەى کە لە دەستەى ژینگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەرمانگرتووە، ٢٥%ى پڕۆژەکەمان کردووە بە سەوزایی و داریشمان لە دیواربەندى کارگەکەمان چاندووە".
عەبدولرەحمان سدیق سەرۆکى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە لەبارەى زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی لە کارگە و ناوچە پیشەسازییەکان گوتى: "هەموو پڕۆژەیەک پێویستە پابەند بێت بەو ڕێژە سەوزاییەى کە دەستەى ژینگە دیارى دەکات و تەنانەت ئەگەر پڕۆژەیەکیش کە پێشتر بە هەر هۆکارێک ئەنجام درابێت بەڵام ڕەزامەندیى ژینگەیی وەرنەگرتبێت و ڕێژەى سەوزایی دیاریکراوى تەواو نەکردبێت، ئەوا ئێمە پڕۆژەى لەبرى سەوزکردنى بەسەردا فەرز دەکەین و دووبارە ئەو ڕێژە سەوزاییەى هەر پێ دەکەینەوە".
کابینەی نۆیەم، هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و دابەزینی رێژەی ئاوی ژێر زەوی خستووەتە گەڕ ئەمەش بە چاندنی زیاتر لە یەك ملیۆن دار و دروستکردنی بەنداو و پۆند لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم. لە سێ ساڵی ڕابردوودا ٦ هەزار و ٥٦٦ پڕۆژە لە لایەن دەستەی ژینگەوە مۆڵەتیان پێ دراوە و هەموو ئەو پڕۆژانەش ٢٥%ى ڕووبەرەکەیان بۆ سەوزایی تەرخان کردووە، هەروەها ئەو پڕۆژە و کارگانەی بەر لە کابینەی نۆیەمیش مۆڵەتییان وەرگرتووە و شوێنی سەوزکردنیان نییە، رێکارییان بەرامبەر گیراوەتە بەر و ٧٤٧ دۆنم زەوی کە هاوتایە لەگەڵ ملیۆنێک و ٨٦٨ هەزار و ٦٧٧ مەتر دووجا، زەوییان لە شوێنی دیکە پێ سەوز کراوە.
لە هەرێمى کوردستان بەگشتی سەوزایی دوو پۆڵێنی هەیە: سرووشتی و سنووری شارەوانییەکان، ڕێژەى سەوزایی لە ناوچە سرووشتییەکان ١٢%یە و لە سنووری شارەوانییەکانیشدا لەم کابینەیە لە ١٥% ـەوە بەرز کراوەتەوە بۆ ١٨%.