Skip to the content

کۆنفرانسێکی تایبەت بە شوێنەوار لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە کۆنفرانسێکی دوو ڕۆژەدا توێژینەوەی چەندین ساڵەی توێژەرانی شوێنەوارناسی فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان، کە لە ئەنجامی هەڵکۆڵینی ١٠ ساڵی شوێنەوارە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان دۆزرابوونەوە خرانەڕوو، کە مێژووەکەی بۆ هەزارەی دووەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە .

کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند:''بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای فەڕەنسی بۆ ڕۆژهەڵاتناسی و ئەنستیتۆی کورد لە پاریس، ئەم چالاکییەی بۆ خستنەڕووی هەزارەی دووەمی پێش زایین لەبارەی کاری هەڵکۆڵینی شوینەواری مێژوویی لە ناوچە شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە.''

لە ڕێگەی چەند توێژینەوەیەکی زانستیی، لەم کۆنفرانسە دوو ڕۆژەدا، ئەنجامەکانیان تاوتوێ کران و بەراوردی ئەنجامەکان لە ناوچە شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان کرا کە توێژینەوەیان لەسەر کرابوو.

شوێنەوارە مێژووییەکانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی دۆخی ناوچەکە لە سەردەمانی پێشوودا، هیچ کاریان لەسەر نەکرابوو، بەڵام لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا زۆرترین کاریان لەسەر کراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار دەڵێت:'' ئێستا بەهۆی بەڵگە مێژووییەکان و ئارامی هەرێمی کوردستان، توانیومانە پەیوەندیی لەگەڵ زانکۆ و پەیمانگا نێودەوڵەتییەکان ببەستین و مۆڵەتی کاری شوێنەوارییان پێ بدەین و لایەنە تاریکەکانی ئەو سەردەمە ڕۆشن بکەینەوە و ئەنجامەکانیشی دەکرێنە نەخشە ڕێگەیەک بۆ توێژینەوەکان و زیاتر ڕێگە ڕۆشنکردن بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لە شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستان لە ئایندەدا.''

ئەلین تێنو، توێژەری شوێنەواری مێژووی فەرەنسا بۆ ئەم پرسە گووتی:'' بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ هیچ کاری شوێنەوارناسی لە کوردستان نەکرابوو، بەڵام ئیستا هەنگاو بە هەنگاو شوێنەوار و مێژووی کوردستان دەخرێتەڕوو. هەروەها ئەنجامی زۆر باشمان دەست خستووە، چونکە ئێستا لە پێگەی هەرێمی کوردستان لە مێژووی شوێنەواری میزۆپۆتامیا تێدەگەین. ئەمڕۆ شوێنەوارە جیاوازەکانی دەشتی هەولێر و چیاکانی دەخەینەڕوو. هەزارەی دووەمی پێش زایین لە نێوان دوو ڕووباردا، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان قۆناخێکی زۆر گرنگی مێژووییە، بەڵام بەهۆی کەمی دەقەکان کەمترین زانیاری لەسەر هەیە. ''

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، ئەوەی ئیستا دەکرێت ئەنجامی ١٠ ساڵ کاری شوێنەوارییە و زیاتر لە ١٠٠  پێگەی شوێنەواری مێژوویی کاریان لەسەر کراوە و ئەنجامەکانی لە لایەن پسپۆڕانی شوێنەوار خراونەتەڕوو، بەتایبەتی دۆخی کوردستان لە هەزارەی دووەمی پێش زاییندا، کە قۆناخێکی زۆر گرنگی مێژوویی لە چالاکی و کارلێکە مرۆڤییەکان بووە. لەو سەردەمەدا مرۆڤ باشتر سوودی لە برۆنز وەرگرتووە و بە سەردەمی برۆنز ناسراوە. پێشکەوتنی زیاتر لە پێکهێنانی شار و دەوڵەت و میرنشین و پاشا نشین بووە، لە هەرێمی کوردستان لەو سەردەمەدا چەند میرنشینێک هەبووە و دوای دەوڵەتی میتانی بە شێوەی  فیدراڵی و کۆنفیدراڵی ئیمپراتۆرییەتێکی گەورەیان پێکهێناوە.

بێکەس جەلالەدین حەسەن، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک لەبارەی ئەم چالاکییەوە ڕایگەیاند:'' ئامانجی ئەم کۆنفرانسە دیاریکردنی گرنگی هەرێمی کوردستانە لە ڕووی مێژووییەوە، بە تایبەتی لە هەزارەی دووەمی پێش زایین.''

سەبارەت بە کاری شوێنەوارناسی لە پارێزگای دهۆک وتی:''ئەنجامی هەڵکۆلینەکانمان خستەڕوو، بۆ نموونە گەورەترین پارێزگا لەسەر گردی باست کە زیاتر لە ٥٠٠ تابلێتێنی بزماری تێدا دۆزراونەتەوە. و شارێکی کۆن (زاخۆکێ) کە لە سەردەمی میتانییەکان بووە لە هەزارەی دووەمی پێش زایین لەناو بەنداوی مووسڵ دۆزراوەتەوە.''

توێژەری فەرەنسی، ئەلین تینو، لە بارەی گرنگی ئەم چالاکییە دەڵێت:''ئەنجام و دوورە دیمەنی نوێی هەزارەی دووەمی پێش زایین لە هەرێمی کوردستانی لە ڕێگەی کۆکراوەکانی توێژەرانی شوێنەوارناسی لە وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا و هەرێمی کوردستان بۆ گەنگەشە و توێژینەوە لەسەر هەزارەی دووەمی پێش زایین لە کوردستان خراوەتەڕوو.''

سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی  کرد بۆ کاری شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستان و پێی وایە ئەم هاوکارییە بۆ کارەکانیان زۆر گرنگە.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢