Skip to the content

کەمئاوی ٥١ گوندی ناوچەى بارزان چارەسەر دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- پڕۆژەی ئاوی بارزان، لە هەر کاتژمێرێکدا ١,٢٠٠ مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە ٣١ هەزار دانیشتووی سنوورەکە دابین دەکات.

ئەم پڕۆژە ستراتیژییە، دوای سێ ساڵ وەستان دووبارە کەوتووەتەوە کار. سەرچاوەى ئاوى ئەم پڕۆژەیە کە لە ڕووباری شینە لە ناوچەی باڵندا، بە تەواوبوونى دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی ئاوی پاك بۆ دانیشتوانی سنوورەکە. پڕۆژەکە ئاوی رووبار بۆ بەشی پاڵاوتن دەگوازێتەوە، لەوێشەوە ڕادەی پاکی و پێکهاتەکانی ناو ئاوەکە شیکردنەوەی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ خواردنەوە شیاو بێت و پاشان لە رێگای کۆگاکانی پڕۆژەکەوە بۆ گوندەکانی ناوچەکە دەگوازرێتەوە.
ئەم پڕۆژەیە بۆ ناوچەکە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئێستا چەند گوندێک کانی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەوانی دیکە بە تانکەر ئاویان لە ڕووبارەوە بۆ دەچێت، بەڵام بەم پڕۆژەیە ئاوی تەواوی گوندەکانی سنوورەکە دابین دەکرێت.
هاووڵاتییەکی سنوورەکە لە ڕێگەی ماڵپەڕی حکوومەتەوە، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانى کرد و گوتى: بە هۆی ئەم پڕۆژەوە ژمارەیەکی زۆری گوندەکانی ناوچەکەمان سوودمەند دەبن، چونکە ناوچەکەمان نزیکەی ٤ تا ٥ کیلۆمەتر لە ئاوەوە دوورە، بە تەواوبوونیی ئەم پڕۆژەیە کێشەی ئاوی ناوچەکەمان تەواو چارەسەر دەبێت.
هاووڵاتییەکی دیکەی ناوچەکە لەم بارەوە دەڵێت: ''ئەم پرۆژەیە بۆ ناچەکەمان شتێکی زۆر گرنگە. نیشانەی گرنگیدانی حکومەتە بە هاووڵاتیانی دەڤەرەکە.''
پڕۆژەی ئاوی بارزان بە گوژمەی ١٣٨ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و لە پێنج کۆگای سەرەکی و ٥١ کۆگای لاوەکیی ئاو پێک هاتووە کە لە ڕێگەی زیاتر لە ٥٠٠ کیلۆمەتر بۆڕیی قەبارە و شێوەی جیاواز، ئاوی خاوێن بۆ ٥١ گوندی ناوچەکە دەگوازرێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ نەهێشتنى کێشەى کەمئاواى کە تا ئێستا خەڵکى دەڤەرەکە تووشى ببوون.