Skip to the content

پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری هەرێمی کوردستان لە قۆناخی دیراسەت کردن دایە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەری هەرێمی کوردستان لە دوو قۆناخ پێکهاتووە، و تا ئێستا دوو گرێبەست لەگەڵ دوو کۆمپانیای جیاواز واژوو کراوە و رێڕەوی رێگاکەشی کراوەتە دوو قۆناخ و بە شێوازی وەبەرهێنان دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.

قۆناخەکانی پڕۆژەکە
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، دامەزراندنی هێڵی شەمەندەفەر، لە قۆناخی دیراسەت کردندایە و وەزارەت گرێبەستێکی ٩ مانگەی لە گەڵ کۆمپانیای کۆنسترانسە بۆ دیراسەکردنی دامەزراندنی هێڵی شەمەندەفەر واژوو کردووە، و دیراسەتەکەش چەندین قۆناخی هەیە و لایەنە ئابووریی و بازرگانیی و کۆمەڵایەتیی و ژینگەیی و کواڵیتی و ئەندازیاری و شێوازەکە و شوێنی رێڕەوەکە و تێچوونەکەی تاوتوێ دەکرێت.
ئاگرين عەبدوڵڵا راشیگەیاند:''پاش تەواوبوونی قۆناخی یەکەم، لە قۆناخی دووەمدا دیزاینی هێڵی شەمەندەفەر دەکەین و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە ژێر چاودێریی سەرۆکی حکومەت گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای ناسراوی دوێچە بانی ئەڵمانی واژوو کردووە و زیاتر وەک راوێژکارێک لەگەڵمان کار دەکات، دوایی دیزاینی هێڵی شەمەندەفەر لە لایەن حکومەتەوە پەسند دەکرێت و بە رێگەی وەبەرهێنانەوە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.''

رێڕەوی پرۆژەکە
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە بارەی شوێن و رێڕەوی رێگاکە ئاماژەی بەوەدا، رێڕەوەکە کراوەتە دوو قۆناخ، قۆناخی یەکەم سەرەکییە کە لە ئیبراهیم خەلیلەوە بۆ زاخۆ و دهۆک و هەولێر و سلێمانی و گەرمیان دەسیپێدەکات. لە قۆناخی دووەمیشدا، چەند هێڵێکی دیکەی لاوەکی لەسەر هێڵی سەرەکی بۆ ناوچەکانی قووڵایی هەرێم دروست دەکرێن، بۆ نموونە لە سنووری پارێزگای دهۆک بۆ ناوچەکانی بەرواری بەرە و ئامێدی و لە سنوورى پارێزگای هەولێریشەوە بەرەو چۆمان و حاجی ئۆمەران. لە سنووری پارێزگای سلێمانییش بەرەو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و هێڵێک بەرەو هەڵەبجە و هێڵێکیش بەرەو پێنجوێن و باشماخ دەڕوات. هێڵی سەرەکیی شەمەندەفەر لە مووسڵ و کەرکووک بە عێراقەوە دەبەستریتەوە.

تێچوون و ماوە و درێژایی هێڵی سەرەکی پرۆژەکە
ئاگرین عەبدوڵڵا دەڵێت:''دامەزراندنی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی ستراتیژیی گەورەیە و کاتی زۆری بۆ جێبەجێکردنی پێویستە. رێڕەوی یەکەمی ٦٢٠ کیلۆمەترە، رەنگە ٤-٥ ساڵیش بخایەنێت و بوودجەیەکی زۆری تا ٥ بۆ ٦ ملیار دۆلاری پێویست بێت. پرۆژەکە هیچ قوڕساییەکی دارایی ناخاتە سەر پرۆژەکانی دیکەی گواستنەوە، چونکە لەلایەن وەبەرهێنەرەوە جێبەجێ دەکرێت، نەک لەسەر ئەو بوودجەیەی حکومەت کە بۆ پێشخستن و دووسایدکردنی رێگاکان تەرخان دەکرێت و هاوتەریب لەگەڵ پرۆژەکانی دیکەی کەرتی گواستنەوە جێبەجێ دەکرێت.
بە گوتەی بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، هێڵی شەمەندەفەر بە شێوازی فرە رێگا (multi way) دەبێت و شێوازێکی جۆراوجۆری تەندروستە و قەبارە و رووداوی هاتۆچوو لەسەر رێگاکان کەم دەکاتەوە.

بۆ بينينى ڕاپۆرتى ڤيديۆيى، كرته‌ له‌م به‌سته‌ره‌ى خواره‌وه‌ بكه‌:

هەنگاوەکانی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان - YouTube


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢