بارانی بەخوڕ ناوچەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و ئاستی ئاوی بەنداوەکانیش بەرزبوونەتەوە
لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا بارانبارینێکی بەخوڕ بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوەو بەمەش ئاستی ئاوی زۆربەی بەنداوەکان بەرزبوونەوە، بەپێی ئامارەکان "تەنیا لە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان زیاتر لە چوار ملیار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە".
بەنداوی دێوانە لە گەرمیان، یەکێکە لەو بەنداوانەی کە ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٢) کارەکانی دروستکردنی تەواو کران و ئەمساڵ (٢٠٢٣) ئاوی تێدا گلدرایەوە، ماوەی مانگێکە سەرڕێژ بووە و بەڕێوەبەری بەنداوەکە پێشتر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوتبوو کە ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گلدراوەتەوە.
هەر لە گەرمیان ئەمساڵ (٢٠٢٣) کارەکانی دروستکردنی بەنداوی تووڕەجار تەواوکراون و توانرا ئاوی تێدا گلبدرێتەوە، بەهۆی ئەو بارانبارینەشی کە ناوچەکەی گرتبوویەوە بە ماوەیەکی کەم سەرڕێژ بوو، فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەگەڵ ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری دروستکردنی بەنداوەکە قسەی کرد و گوتی: کۆی گشتیی ئاوی گلدراوە ملیۆنێک و ٧٥٠ هەزار مەتر سێجایە.
هەر ئەمڕۆ پێنچشەممە (١٣ـی نیسان)، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند کە دوای ئەو بارانبارینە بەخوڕەی ناوچەکەی گرتەوە، ٥٠ سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوەکە بەرزبووەتەوە و بەمەش ئاوی گلدراوە بووەتە ملیارێک و ٤٩٤ ملیۆن مەتر سێجا و کۆی گشتی ئاوی دەریاچەکەش ٥٠٪ـیە.
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێکە بارانبارینێکی بەلێزمە کە هەورەتریشقە و تەرزەشی لەگەڵدایە، ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکان و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیش "بارانبارین بەردەوام دەبێت"، بەمەش ئاوی زیاتر لە بەنداوەکان گلدەدرێنەوە و دەبێتە هەنگاوێکی گرنگیش بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی.
بەنداوی خنس لە دهۆک، یەکێکە لەو بەنداوانەی کە ئەمساڵ کارەکانی نۆژەنکردنەوەی کۆتایی هاتن و توانرا ئاوی تێدا گلبدرێتەوە و هەر دوێنێ چوارشەممە (١٢ـی نیسان) بۆ یەکەمجار بەنداوەکە سەڕێژ بوو، بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە کە قسەی بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری کرد: ئێستا ٧ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە و ماوەی ١٨ کاتژمێریشە بەنداوەکە سەرڕێژ بووە.
هەر لە دهۆک، بەنداوی کەشکان و بەنداوی دهۆک دوو لەو بەنداوانەن کە ئاویان تێدا گلدراوەتەوە و سەرەڕای ئەو بارانبارینەی کە ڕووی لە ناوچەكه کرد، بەڵام سەرڕێژ نەبوونە و بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، ڕێژەی کۆکراوەی ئاو لە هەردوو بەنداوەکە ٢١ ملیۆن و ٩٦٧ هەزار مەتر سێجایە و "هیوادارم بتوانین زۆرترین ڕێژەی ئاو گلبدەینەوە بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست و ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی سوودی لێ وەربگرین".
ئەمە جگە لەوەی کە ڕێژەی کۆکراوەی ئاو لە دەریاچەی دووکان بووەتە ٣٨.٣٪ و تەنیا لەماوەی ٢٤ کاتژمێرى ڕابردوودا، ٢٥ سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان بەرزبووەتەوە، بەرێوەبەری بەنداوەکە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: ئێستا دوو ملیار و ٦٨٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.
هەرێمی کوردستان، خاوەنی چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی گلدانەوەی ئاوە، پۆند و بەنداوەکان یەکێکن لەو پڕۆژانەی کە ئاوێکی زۆر گلدەدەنەوە و هۆکارێکن بۆ ڕووبەرووبوونەوەی وشکەساڵی و زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی، هەر لەو پێناوەشدا کابینەی نۆیەم چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیی جێبەجێکردووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٣ـی نیسانی ٢٠٢٣