Skip to the content

شەقامی نێودەوڵەتیی بارزان لە دهۆک کارئاسانیی گەورە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دەکات

شەقامی بارزان، یەکێکە لە شەقامە گرنگەکانی شاری دهۆک و بە شادەماری هاتوچۆی ئەو پارێزگایە دادەنرێت، چونکە هەرێمی کوردستان بە وڵاتی تورکیا دەبەستێتەوە. لە هەمان کاتیشدا پارێزگای دهۆک بە هەموو ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە.
ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک، لەبارەی پڕۆژەکەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: "جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، لەپێناو ئاسانکاریی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی ترافیکی ناوشار بوو، تاوەکوو هاتووچۆی هاووڵاتییان ئاسان بێت و لەکاتی شۆفێریکردندا تووشی جەنجاڵی نەبنەوە".
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کرا و لە پێنج بەش پێک هاتووە، ئەوانیش سێ ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس و دوو شەقامی خزمەتگوزاری، کە ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٢) تەواو کراوە و گوژمەکەی ٧٣ ملیار دینار بوو.
پڕۆژەکە قۆناخی دیکەشی تێدایە و ئێستا لە لەبواری جێبەجێکردندایە؛ بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک لەوبارەیەوە گوتی: "لە قۆناخی یەکەم دەست بە دروستکردنی یوتێرنەکان و شەش هەزار مەتر شەقامی خزمەتگوزاری کراوە، کە نزیکەی ١٣ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە، لە قۆناخی دووەمیشدا هەندێک ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس دروست دەکرێن، کە بە دروستکردنیان جەنجاڵی كەم دەبێتەوە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان و خزمەتگوزارییەکانی تایبەت ژیانی خەڵک بەردەوامە و ئێستاش بەشێکی زۆری ئەو پڕۆژانە لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، لە بواری جبەجێکردندان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٦ـی نیسانی ٢٠٢٣