Skip to the content

وردەکاریی یەکخستنی نرخی بەنزین و باشترکردنی کوالێتییەکەی

نوێترین بڕیاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، یەکخستنی نرخی بەنزینە و لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵیت: "لیتری بەنزینی جۆری نۆرماڵ دەكەنە ٧٥٠ دینار."

لەبارەی ئەم بابەتەوە، ڕێبین زەنگەنە، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و داراییی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری قسەی کرد و ڕایگەیاند: "بڕیارەکە بە ڕەچاوکردنی دۆخی هاووڵاتییان دراوە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت."

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و گوتی: "ئەم بڕیارە لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە و دەمانەوێ جگە لە یەکخستنی نرخی بەنزین، کوالێتیی بەنزینەکەش بەرزتر بکەینەوە."

ئەو بڕیارە سەرتاسەرییە بۆ سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانە، لە هەمان کاتدا، سبەی دووشەممە ١ـی ئایار، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم جۆری ئۆتۆمبێلەکانیش دەگرێتەوە.

ئەو بەڕێوەبەرەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، زانیاریی زیاتری باس کرد و گوتی: "بەنزینەکە بە شێوەیەکی ستاندارد لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت و بۆ پاراستنی کوالێتییەکەی، لیژنەکانی چاودێریی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان چاودێریی بەنزینخانەکان دەکەن."

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا هاتووە: "بۆ ماوەی مانگێک (یەکی ئایار تاکوو یەکی حوزەیران) کار بەم بڕیارە دەکرێت."

ئەم بەنزینە لەڕێگەی پاڵاوگە ناوخۆییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت و لیژنەکانی چاودێری و بەدواداچوونی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، بە بەردەوامی چاودێریی کوالێتیی بەنزینەکە دەکەن.

بڕیارە دوای تەواوبوونی ئەو وادەیەی کە بۆ یەکخستنی نرخی بەنزین دیاری کراوە، دووبارە پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٣