Skip to the content

لە چوار ساڵدا ٥ ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین پاک کراوەتەوە

گرنگیدان بە سەلامەتیی هاووڵاتییان یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا توانیویەتی لە چوار ساڵی ڕابردوودا و لە ڕێگەی دەزگای گشتیی کاروباری مینەوە، ٥ ملیۆن و ٣٨ هەزار و ٦٢٩ مەتر دووجا زەوی پاک بکاتەوە.

ساڵی ٢٠١٩ – ٢٠٢٠ زیاتر لە ٢ ملیۆن مەتر دووجا زەوی پاک کراوەتەوە
بە پێی داتاکان تەنیا لە ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠، لە هەر چوار پارێزگاى هەرێمی کوردستان، ٢ ملیۆن و ٥٦ هەزار و ٦٥٧ مەتر دووجا زەوی لە ٦٨ کێڵگەی مین پاک کراونەتەوە، کە تیایاندا ٥ هەزار و ٩٢ مینی دژەکەسی و ٩ مینی دژە تانک و ٦ هەزار و ٧٥٩ تەقەمەنیی جۆراوجۆر لەناو براون. لە بوارى سەردانی ناوچەکاندا بۆ هۆشیارکردنەوەى خەڵک لە مەترسییەکانی مین، ٤ هەزار و ٥٨٩ سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ تەمەن و چینە جیاوازەکان کراوە و لەو هەڵمەتانەشدا ١٧٣ هەزار و ٧٨٤ هۆکارى جیاوازی هۆشیارکردنەوە بڵاو کراونەتەوە.

ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ نزیکەى ١٤٧٨ مین لەناو براون
لە ساڵی ٢٠٢٠٢٠٢١یش نزیکەى ٢٤٩ هەزار و ٨٣٢ مەتر دووجا زەوی لە ٦ کێڵگە پاک کراونەتەوە کە هەزار و ٤٧٢ مینی دژەکەسیی و ٢٦ مینی دژەتانک و ٢١ هەزار و ٨٠٥ پارچەى تەقەمەنییان تێدا بووە و لەناو براون. لە ڕووى سەردانی ناوچەکان و هۆشیارکردنەوەى خەڵک، هەزار و ٨٩٤ سەردان و کۆبوونەوە کراوە، کە تێیدا ١٤٣ هەزار و ٧١ هۆکارى هۆشیارى دابەش کراون.

لە ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٢ نزیکەى ٢٢ هەزار پارچەى تەقەمەنی لەناو براون
هەر بەپێی داتاکان لە ساڵی ٢٠٢١ – ٢٠٢٢، ڕووبەری ٦٩٠ هەزار و ٢٦٨ مەتر دووجا زەوی، پاک کراوەتەوە، کە ژمارەى کێڵگەى پاککراوەى مین لەو چوارچێوەیەدا ٢٣ کێڵگە بووە کە تیایدا ٢ هەزار و ١٧٩ مینی دژە کەسی و ٢٤٦ مینی دژە تانک و ١٩ هەزار و ٣٣٠ تەقەمەنیی جۆراوجۆر لە نێو بردراون. هەرچی لەبارەى سەردان و کۆبوونەوەکانە بۆ هۆشیارکردنەوەى خەڵکی ئەو ناوچانە، ٣ هەزار و ٨٣٠ سەردان و کۆبوونەوە کراون، لە هەمان کاتدا، ٤٩ هەزار و ١٧٦ هۆکارى هۆشیاری بڵاو کراونەتەوە.


لە ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٣، نزیکەى دوو ملیۆن و نیو مەتر دووجا زەوی پاک کراوەتەوە
لە چوارەم ساڵی کابینەى نۆیەمدا کە ٢٠٢٢-٢٠٢٣ـە، ٢ ملیۆن و ٤١ هەزار و ٨٥٤ مەتر دووجا زەوی پاک کراوەتەوە و ژمارەى کێڵگەى پاککراوى مین ٤٩ کێڵگە بووە، ژمارەى مینی دژەکەسیی لەناوبراو ٣ هەزار و ٦٤٨ مین و مینی دژەتانکی لەناوبراو ٨ مین بووە. هەروەها ژمارەى پارچەى تەقەمەنیی لەناوبراو ٢٣ هەزار و ٤١٥ تەقەمەنی بووە. ژمارەى سەردانی ناوچەکان بۆ کۆبوونەوە و هۆشیارکردنەوە ٣ هەزار و ٤٤١ کۆبوونەوە بووە، لەو میانەدا ١٩١ هەزار و ١٣٥ هۆکارى هۆشیارى و هۆشیارینامە بڵاو کراونەتەوە.

چارەسەر کردنی قوربانیانی مین
جگە لە هەڵگرتنەوەی مین و پاککردنەوەی زەوییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە بەهاناوەچوونی قوربانییانی مین و تەقەمەنییەکان داوە، وەکوو خەواندنی نەخۆش، چارەسەرکردنی سرووشتی، چاککردنەوەى پەلی دەستکرد، دابینکردنی کورسیی جووڵاو، دابینکردنی یاریدەدەرى ڕۆیشتن و داردەست و دارمل، وەرشەى یارمەتیی بۆ کەمئەندامان، پرۆژەى داهات بۆ کەمئەندامان، ژمارەى کەمئەندامانی ڕاهێنراو، دروستکردنی پەلى سەرەوە، دروستکردنی پەلى خوارەوە و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە، کە لە ماوەى هەر چوار ساڵەکەدا ٥٤ هەزار و ٣١٤ کەیسی جۆراو جۆر هەبوون، لەو ڕووانەوە چارەسەری تەندروستی و هاوکاریی کەرەستەیی و ماددی کراون.

لە ماوەى ڕابردوودا، بە هۆى شەڕی ٨ ساڵەى نێوان عێراق-ئێران و سیاسەتی حکومەتە یەک لە دواى یەکەکەکانی عێراق، ناوچەیەکی زۆرى کوردستان لە لایەن سوپاى عێراقەوە، بە بێ ڕەچاوکردنی دۆخی ئاسایشی خەڵکی کوردستان و زیانگەیاندن بە ژێرخانی کشتوکاڵی و لەوەڕگەکانی کوردستان، بە مین و تەقەمەنی چێنراون، ئەمەش تاکوو ئێستا کاریگەرییەکانی ماوەتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵ دەدات لە ڕێگەى پاککردنەوەى زەوییەکان و شەڕگەکان لە مین و تەقەمەنی، ئاسایش بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان لەو ناوچانەدا بگێڕێتەوە.