Skip to the content

پڕۆژەیەکی ستراتیژیی ڕێگەوبان لە دهۆک جێبەجێ دەکرێت

کارکردن لە پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن و ئەمجارە لە دهۆک، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی جێبەجێ دەکرێت کە هاتووچۆی شۆفێران ئاسانتر دەکات.

پڕۆژەی قۆناخی یەکەمی دروستکردنی ئۆڤەرپاس، ئەندەرپاس و یوتێرن لەسەر شەقامی بارزان لە دهۆک جێبەجێ دەکرێت.

کامیران عەبدوڵڵا، بەرێوەبەری پڕۆژەکەیە و بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: ''کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە و زیاتر لە ٢٠٪ـی کارەکانی تەواو بووە.''

گوژمەکەی زیاتر لە ١٣ ملیار دینارە و نزیکەی ٢٠٠ هەلی کاری ناوخۆیشی بۆ هاووڵاتییان رەخساندووە.

بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لەبارەی سوودەکانی ئەو پڕۆژەیە گوتی:''دروستکردنی ئەو ئۆڤەرپاس، ئەندەرپاس و یوتێرنانە وا دەکات هیچ ترافیکلایتێک لە شەقامە سەرەکییەکە نەمێنێت و قەرەباڵخیش کەمدەکاتەوە.''

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆر بە سێکتەری ڕێگەوبان دەدات و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین پڕۆژەی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری