Skip to the content

156 جۆر دەرمان بە نرخی جێگیر و گونجاو و كوالێتیی بەرز لە هەرێمی كوردستان بەردەست دەخرێن

بە مەبەستی ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان لە گەیشتن بە باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستی، یەكەی گرێبەستە سەرەكییەكان لە نووسینگەی سەرۆكوەزیران، پاڵپشتیی وەزارەتی تەندروستی كردووە لە واژۆكردنی گرێبەستی دەرمانی كوالێتیی بەرز، لەگەڵ كۆمپانیاكانی دەرمان، بۆ دابینكردنی ١٥٦ جۆر لە گرنگترین دەرمانەكان بۆ كەرتی تەندروستیی گشتی، بە نرخێكی گونجاو و ڕكابەرانە لەگەڵ نرخی بازاڕ.

چەندیەتی و چۆنیەتیی دەرمان
لە ساڵانی ڕابردوودا، كەرتی گشتیی تەندروستیی هەرێمی كوردستان، ڕووبەڕووی چەندین بەربەستی پەیوەست بە دەرمان بووەتەوە؛ دیارترینیان كورتهێنان بووە، كە نەخۆشخانە گشتییەكان كێشەیان لە دابینكردنی دەرمانی كوالێتیی بەرز بە نرخێكی گونجاو و شایستە هەبووە، لە لایەکی ترەوە قورسیی چاودێریکردنی گواستنەوە و هەڵگرتنی دەرمان بە شێوەیەکی زانستی بووە.

سوودەكانی گرێبەستەكە بۆ كوالێتی و ڕێژە و نرخ
یەكێك لە سوودەكانی ئەم گرێبەستە، دابینكردنی هەمیشەییە بۆ ١٥٦ جۆر دەرمانی سەرەكی بۆ كەرتی تەندروستیی گشتی بۆ ماوەی دوو ساڵ، هەروەها لە ڕێگەی پەیڕەوكردنی ڕێكارە نێودەوڵەتییەكان، ئەم پرۆسەیە دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم دەرمانەكان بەرزترین كوالێتییان هەیە؛ ئەمەش بە شێوەیەك ڕێك خراوە، ڕێژەی ٤٨%ـی ئەو دەرمانانە لە لایەن كۆمپانیا ناوخۆییەكانی كوردستانەوە بەرهەم دەهێنرێن، كە جگە لە گرنگیدان بە كۆمپانیا ناوخۆییەكان، ئەم كۆمپانیایانە خاوەنی باڵاترین دانپێدانانی نێودەوڵەتیین؛ لەگەڵ ئەوەشدا سوودی ئەم پرۆسەیە بۆ كەمكردنەوەی خەرجییە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی بەناوەندیكردنی گرێبەستە گشتییەكانی دەرمان، توانیویەتی دەسەڵاتی مامەڵەكردنی لەگەڵ كۆمپانیاكان بەهێزتر بكات و بتوانێت خەرجییەکان بە ڕێژەی ٣٥% و بڕی ٧ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلاری ساڵانە كەم بكاتەوە.
جگە لە سوودەكانی ئەم پرۆسەیە بۆ جێگیری و كوالێتی و نرخی دەرمان، ئێستا كڕینی دەرمانەكان بە شێوەیەكی سەربەخۆ لە لایەن دامەزراوەكانەوە بەڕێوە دەچێت و ئەمەش پرۆسەیەكی كردەیی نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پرۆسە دووبارەبوونەوە بەخۆیەوە دەبینیت؛ لەم پرۆسەیەدا كڕینەكان بە ناوەندی دەكرێن و بە شێوەیەكی بەرچاوتر كارمەندانی حكومەت لەو بوارەدا سوودیان لێ وەردەگیرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری