Skip to the content

حکومەتی هەرێم پشکنین و چارەسەرکردنی بێبەرانبەری بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دابین کردووە

دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی خۆڕایی بۆ نەخۆشان بەردەوامە؛ پشکنین و چارەسەرکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە بێبەرانبەر دەکرێت و لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتیش نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت.
هەر نەخۆشێکی شێرپەنجە پێویستیی بە پشکنینی پیتیسکان هەبێت، بە خۆرایی بۆی دابین دەکرێت؛ لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، ٩١٠ پشکنینی پیتیسکان بە تێچووی ٦٣٧ ملیۆن دینار بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە ئەنجام دراوە کە تێچووەکەی لەسەر نەخۆش ٧٥٠ دۆلارە و حکومەت بەخۆرایی بۆیان دابین دەکات.
ئەمە جگە لەوەی لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، ٦٨ نەخۆش بۆ پشکنینی ئۆنکوتا نێردراونەتە ئەمریکا و تێچووەکەشی ٢٥١ ملیۆن لەسەر حکومەت کەوتووە.

مێڤان موحسین، باوکی یەکێک لە توشبووانی شێرپەنجەیە، لە بارەى ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییە خۆڕاییانەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "کوڕی من کە تەمەنی نۆ ساڵە، تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجەیە، پشکنینەکەى ئەگەر هاوکاریی حکومەت نەبێت، زۆر گرانە. بۆیە پشکنینەکەى بێبەرانبەر لە ئەستۆى حکومەتدا بۆ دەکرێت، ئێمە بۆ ئەو هاوکارییە سوپاسی حکومەت دەکەین".

سندوقی شێرپەنجە یەکێکە لە خزمەتگوزارییە بەردەوامەکانی حکومەت بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە و لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ چاندنی مۆخ بۆ ٤٧ نەخۆش لە دەرەوەی وڵات خەرج کراوە. لە کاتێکدا ٤٠٨ ملیۆن دینار بۆ نەشتەرگەری لە ناوەوەی هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەش ٤٦٨ ملیۆن دینار خەرج کراوە.

د. هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی، لەوبارەوە گوتی: "حکومەتی هەرێم لە سندووقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، لە هەوڵی هاوکاریکردنی نەخۆشان و چارەسەرکردنیاندایە، ئەوەش لە نەخۆشخانەى حکومیدایە و جۆرى نەشتەرگەرییەکەیان لە ڕێگەى لیژنەوە بۆ دیاری دەکرێت. ئەگەریش لە نەخۆشخانەى گشتی بەردەست نەبوو، لە نەخۆشخانەى تایبەت بۆیان دەکرێت، ئەگەر نەشتەرگەرییەکە لە ناو هەرێم بە هەر هۆکارێک بەردەست نەبوو، لە دەرەوەى وڵات بۆیان دەکرێت. هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران بودجەی نزیکەى ٧ ملیار دینارى ساڵانەى بۆ کڕینی دەرمانی گرانبەها لە دەرەوەى سندووق دابین کردووە."

حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەرکردن و چاودێریی نەخۆشانی شێرپەنجە بە ئەرکی خۆی دەزانێت و لە دابینکردنی تێچووی چارەسەرکردنیان بەردەوام دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری