Skip to the content

سەنتەرى پشکنینی لەرزەى ئۆتۆمبێل لە شەقڵاوە کرایەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٧ ى ئابی ٢٠٢٣، بە ئامادەییی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە ڕێوڕەسمێکدا بەڕێوەبەرایەتیی بەشی هاتووچۆی شەقڵاوە، سەنتەری پشکنینی لەرزەی ئۆتۆمبێلی لە شەقڵاوە کردەوە.
لە گوتەیەکدا، پارێزگاری هەولێر باسی لە گرنگیی ئەو کارە کرد و دووپاتی کردەوە "لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌ریمی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سرور بارزانی، کاری زۆری بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان لە بواره‌ جیاوازەکاندا کردووە، بەتایبەت ئەو بوارانەی پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی گشتی و سەلامەتیی هاووڵاتییانەوە هەیە، بواری هاتوچۆش لە گرنگترین ئەو کارانە بووە؛ سەرجەم ئەوانەش بوونه‌ته‌ هۆی زیاتر بووژانەوە و بەهێزکردنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان."
پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە "ئەم پرۆژەیە سوودێکی زۆری هەیە بۆ شەقڵاوە و دەوروبەری، هەروەها بارقورسیی پشکنینی ئۆتۆمبێل لەسەر هەولێر کەم دەکاتەوە؛ بۆ ئەم مەبەستە پرۆژەکە نزیکەی دوو ملیار و ٥٠٠ مليۆن دينارى بۆ تەرخان کراوە."
پشکنینی لەرزەى ئۆتۆمبێل، تایبەتە بە تاقیکردنەوەی مەرجەکانی توندوتۆڵیی ئۆتۆمۆبیل کە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان ساڵانە دەبێ نوێ بکرێتەوە.