لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەت و دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێنماییی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری پێکدێت
![](/media/7039/untitled-wwww.jpg?center=0.49367088607594939,0.49367088607594939&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133433190230000000)
پشتبەست بە بڕیاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی تایبەت بە مەبەستی ڕێکخستن و ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕێنماییی یاساى مافى دەستکەوتنی زانیاریی ژمارە (١١)ى ساڵی ٢٠١٣، پێک دێنێت.
لیژنەکە لە دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانگەى میدیا و زانیاری و دەستەى سەربەخۆى مافەکانی مرۆڤ پێک هاتووە.
لیژنەکە ڕەشنووسێکی ڕێنمایی لە ژێر ڕۆشناییی یاساى مافی دەستکەوتنی زانیاری دابڕێژن، ئەمەش لە پێناو ئاسانکاری و گرتنەبەرى ڕێوشوێنی سیستەماتیک بۆ بابەتی پێدانی زانیاریی دروست لە لایەن دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتییان.
یاساى مافى دەستکەوتنی زانیاریی ژمارە (١١)ى ساڵی ٢٠١٣، ئامانجی توانادارکردن و ئاسانکاریکردنە بۆ هاووڵاتییان و ڕۆژنامەنووسان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەلایەن دامودەزگا گشتی و تایبەتەکان، بۆ گەشەپێدانی شەفافییەت و بەشداریی کارایانە لە پرۆسەى دیموکراتیدا. ئەمەش پێویستیی بە دەرکردنی ڕێنماییی حکومەتە، تاکوو میکانیزم و ڕێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بە شێوەیەکی دروست بەڕێوە بچێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری