لە گۆمەسپان سێیەم گەورەترین بەنداو لە هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت
پرۆژەی بەنداوی گۆمەسپان، کە گەورەترین بەنداوی سنووری پارێزگای هەولێرە و دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت ١١٥ ملیۆن مەتر سێجا باراناو گل بداتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوی ژێرزەویی ناوچەکە ببووژێنێتەوە و ١٦ هەزار مەتر دووجا بەراو دەكات و پەرە بە سامانی ماسییش دەدات.
پرۆژەی دروستكردنی بەنداوی گۆمەسپان، تێچووەکەی ٩٥ ملیار دینارە و بە شەو و ڕۆژ کاری تێدا دەکرێت؛ ئێستا ٥٦%ـی کارە ئاڵۆز و قورسەكانی تەواو بووە و ٤٤%ـی كارە ئاسانەكانی ماوە؛ بڕیار وایە لە ناوەڕاستی ساڵی ئاییندەدا تەواو بکرێت؛ لەم پرۆژەیەدا هەلی كار بۆ ٣٠٠ كەس بە ئەندازیار و كارمەندی جیاجیاوە ڕەخساوە، كە ٧٥% زیاتری دەستی كاری ناوخۆیین.
جۆری بەنداوەكە كۆنكرێتى ( RCC) ـە و تێكڕای ساڵانەی داهاتی ئاوی ٤٧ ملیۆن و ٨٣٩ هەزار مەتر سێجایە و بەرزییەكەی ٦٩.٥ مەتر و درێژیی بەنداوەكەش ٥١٣.٦٧ مەترە، ئەم بەنداوە دوای بەنداوی دووكان و دەربەندیخان، دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لە هەرێمی كوردستان.
عەبدوڵڵا گەردی، سەرپەرشتیاری پرۆژەكەیە و بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "جگە لەوانە یەكێك لە سوودە گرنگەكانی بەنداوەكە، هەڵكەوتە و شوێنی بەنداوەكەیە؛ بەو بەنداوە ئەم ناوچەیە دەبێتە یەكێك لە ناوچە گەشتیارییە ناوازەكان."
لە ستراتیژی چوار ساڵی ڕابردووی کابینەی نۆیەمدا، گرنگییەکی زۆر بە ئاسایشی ئاو دراوە و لەو پێناوەشدا حکومەتی هەریم چەندین بەنداو و پۆندی دروست کردووە کە لە ئاییندەدا دەبنە هۆکاری پاراستن و پێشخستنی سێکتەری ئاو، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری