Skip to the content

لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیكەی ٧ هەزار تۆن خاشاک کۆدەکرێتەوە

کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک، یەکێکە لە خزمەتگوزارییە بەردەوامەکانی حکومەت و ساڵانەش خەرجییەكی زۆر بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكرێت.

لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە ٦ هەزار و ٩٠٠ تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و دواتر چارەسەر دەکرێت، كە تێچووی کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی هەر تۆنێکیش، نزیکەی ٥٠ هەزار دینارە.

ئاراس فوئاد، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: "پرسی ژینگە و بەتایبەتی سێكتەری خاشاكی ڕەق و چارەسەركردنی، لەلایەن كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە گرنگییەكی زۆری پێدراوە. هەنگاوەكانیش ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوە و تاقیكردنەوەدایە، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی هەولێر یەكێكە لەو پڕۆژانەی لەلایەن تیمێكی ڕاوێژكار و تایبەتمەندەوە، دەست بە تاووتوێكردنی كراوە؛ ئێمەش چاوەڕێی ڕاپۆرتی كۆتاییان دەكەین، بۆ ئەوەی بە زووترین كات پڕۆسەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

 هەروەها ئاراس فوئاد، گوتیشی: "بەپێی ئەو گرێبەستانەی ئەنجاممان داون، هیچ شارەوانی و شوێنێك لە هەرێمی كوردستان نییە، كە گرێبەستی بۆ ئەنجام نەدرابێت؛ سەرجەم شارەوانییەكان ڕێكار و كارەكانیان بۆ ڕێكخراوە و بە هەمان شێوە و سیستەم لە زبڵ و خاشاك خاوێن دەكرێنەوە. لە كاتێكدا حکومەتی هەرێمی كوردستان، جگە لە شوێنە بازرگانییەکان، هیچ بڕە پارەیەک  لە بەرانبەر کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک وەرناگرێت و وەک خزمەتگوزارییەکی خۆڕایی پێشکەشی هاووڵاتیانی دەکات".

"لەپێناو پاراستنی ژینگەشدا، پلانی ئایندەی حکومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، شێوازی چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک بگۆڕێت و وا بکات دووبارە بەکاربهێندرێنەوە."

 

بۆ بینینى ڤیدیۆى ڕاپۆرتەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

ئەو خزمەتگوزارییە بەردەوامەی کە حکومەت بۆ هاووڵاتییانی دابینکردووە - YouTube

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

6ـی شوباتی 2023