Skip to the content

بەنداوی خنس كە توانای گلدانەوەی ٧ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە بەگەڕدەخرێت

 

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ خزمەتكردنی كەرتی كشتوكاڵی و كەمكردنەوەی زیانەكانی وشكەساڵی، بایەخێكی ڕژدی بە دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكان داوە؛ لەم چوارچێوەیەدا دروستكردنی بەنداوی خنس لە پارێزگای دهۆك، لە قۆناغی كۆتایی و تاقیكردنەوەدایە كە توانای گلدانەوەی ٧ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و گرنگی بۆ كەرتی كشتوكاڵ، سامانی ئاژەڵ، كەرتی گەشتوگوزاری و ئاوی ژێر زەوی دەبێت.
بۆ زانیاری لەبارەی جۆر و توانا و گرنگیی بەنداوەكە، فەرهاد محەمەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەنداوی خنس هەموو كارێكی تەواو كراوە و دەست بە تاقیكردنەوەی تۆکمەیی و بەرگریی بەنداوەکە كراوە؛ لەبەر ئەوە ئەمساڵ پڕ لە ئاو كراوە و لەڕێی لیژنەیەکەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوی دهۆك چاودێریی كەموكوڕییەكانی دەكرێت و ڕاپۆرتی پێویست لەسەری، ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەكان دەكرێت."
بەڕێوەبەری بەنداوی دهۆک ئاماژەی بەوەش دا "بەنداوی خنس لەساڵی ٢٠١٠ بڕیاری دروستكردنی دەرچوو، بەڵام تەنیا توانرا ٦٠%ـی تەواو بكرێت و كارەكانی ڕاگیران، تا لەكابینەی نۆیەم و لەساڵی ٢٠٢١ دەست بە كاركردن کرایەوە و لە ساڵی ٢٠٢٢ توانرا تەواو بكرێت، بەڵام بۆ دڵنیابوون لە هەموو ئەو كارانەی تیایدا كراوە، تا دوو ساڵ چاودێری دەكەین".
بەنداوی خنس لە جۆری خاکی پڕکراوەیە و دەكەوێتە قەزای شێخانی پارێزگای دهۆك، توانای گلدانەوەی ٧ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە؛ بەرزییەكەی ٣٤.٥ مەترە و درێژییەكەشی بە سەرڕێژەوە ١٩٥ مەترە، هەروەها دەرچەی ئاودەرەكەشی دوو بۆڕیی تیرە ٩٠ و ٥٠ سانتیمەتریین.
تێچووی ئەم بەنداوە ٩ ملیار و ٢١٨ ملیۆن ٤٨٦ هەزار و ٧٥٠ دینارە و لە ئێستاوە سوودی بۆ كەرتی كشتوكاڵی، ئاوی ژێر زەوی و كەرتی گەشتیاری دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٠ـی شوباتی ٢٠٢٣