Skip to the content

سێوی بەرواری، وەک سرووشتیترین سێو هەناردە دەکرێت

لە كابینەی نۆیەم و بە چاودێرى مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان، دەست بە هەناردەکردنى بەرهەمى خۆماڵى کرا. ساغکردنەوەى بەرهەمى جووتیارانى کوردستان لە لایەن حکومەتەوە به‌شێكی گرنگی په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵه‌ به‌ ئاراسته‌ی هه‌مه‌چه‌شنكردنی ئابووری هه‌رێمی كوردستان. وه‌ك به‌شێك له‌م هه‌وڵانه‌ و له‌ ئێستادا له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، سێوی به‌رواری له‌ فرۆشگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌فرۆشرێت و بڕیاریشە ئەمساڵ كاربكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بەرهەمەکانى "سێو، ترێ و هەنگوین" بخرێنە نێو بازاڕی وڵاتانی دەرەوە.

لەم بارەیەوە، ڕزگار حەمەد، ڕاوێژکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: "باشترین جۆرەکانی سێو لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێن. ئێمە هەوڵی جدیمان داوە بەتایبەت بۆ باخەکان کە چارەسەری گرفتی بەبازاڕکردنیان بۆ بکەین."

سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستان بۆ بەشداربوون لە کۆڕبەندى ئابوورى داڤۆس، لە (١٦ى کانوونى دووەمی ٢٠٢٣)دا گەیشتە سویسرا. لەو سەردانەیدا، چەندین کەسایەتیی سیاسی و بازرگان و کۆمپانیاکانی بینی. یەکێک لەو کۆمپانیانە گروپی کۆمپانیاکانی (ماجد الفطيم) بوو کە خاوەنی هایپەرمارکێتەکانی (كارفور)ە، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی سێوی بەرواری کرا و بڕیاریان دا ئەم بەرهەمە کوردستانییە بکڕن.

دلشێر بەردەڕەشى، شرۆڤەکارى پێشکەوتوو لە نووسینگەی سەرۆکی حكومه‌ت بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: "جێگای خۆشحاڵییە لە مانگی ١٢\٢٠٢٢ و لە کاتى سەردانی تیمەكه‌مان بۆ دەڤەری كانی ماسێی سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك، توانرا هەڵسەنگاندن بۆ سێوی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ بكرێت و زانرا بڕێكی زۆر لە ساردكەرەوەكانی كانی ماسێدا هەڵگیراون، كە تایبەتن بە جووتیارەكانی ئەو دەڤەرە. پاشان لەلایەن كۆمپانیای كەرتی تایبەتەوە نموونە لە سێوەکە وەرگیرا و پشکنینی بۆ كرا، هەندێك لەو پشکنینانە لە ناوەوە ئەنجام دران و هەندێكیشیان نێردران بۆ وڵاتانی دەرەوە".

بۆ ئەوەى بەروبوومى کوردستان بەجیهانى بکرێت، پێویستە بەكارهێنانی قڕکەر و ماددەى كیمیایی لە ستانداردێکى جیهانیدا بن. لە ئەنجامی پشکنینەکانی ناوەوە و ئەوانەی لە وڵاتانی دەرەوە ئەنجام دران، سێوى بەرواری، کە یەکێکە لە بەرهەمە باشەکانى کوردستان، لە هەموو پشکنینەکان سەرکەوتوو بوو و بە سێوێکی سروشتی و باش هەژمار کرا و ئەمەش بووە هۆی دۆزینەوەی بازاڕێکی باش بۆ ئەو سێوە.

دلشێر بەردەڕەشى، باسى لەوەش کرد: "دوای دوو هەفتە، بە خۆشحاڵییەوە ئەنجامی پشکنینەکانمان دەست كەوت، دەرکەوت كە ڕێژەی شەکر لەو سێوەدا و ڕێژەی قڕكەر و ماددەی كیمیایی سێوەکە ئەرێنی بوون، چونکە هیچ جۆرە قڕكەرێكی تێدا بەكار نەهێنراوە، هەروەها لە ڕووی بەكارهێنانی مادەى كیمیاوییەوە لە پشکنینەکە دەركەوت سروشتییە و هیچ لایەنی نەرێنی تێدا دەرنەکەوت، كەواتە دەتوانین بڵێین سێوى بەرواری، ١٠٠% سرووشتییە و بە پێی ستانداردی جیهانییە".

ئەم شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوەش دا: "كۆمپانیای كارفور لقی عێراق، سەردانی دەڤەری کانی ماسێیان کرد و سێوەكەیان زۆر بەدڵ بوو، چونكە سێوێكی سروشتییە و خاوەن تام و بۆنێكی ناوازەیە. لە دوای سەردانەكەیان، لەسەر نرخەكەی لەگەڵ جووتیارەكان ڕێككەوتن و بۆ هەفتەی دواتر سێوەکە گەیشتە لقەکانی کارفور. ئەوەی جێی دڵخۆشییە نرخی فرۆشتنەوەى سێوەکە ٣٠% لە سەرەوەى نرخى عەلوە بوو. ئێستا لە ٩ هایپەرماركێتی كارفوری هەرێمی كوردستان (دهۆك، سلێمانی، هەولێر) سێوى بەرواری دەست دەکەوێت و لە قۆناغی ئایندەدا، واتە ساڵی ٢٠٢٣، كاتێک بەروبوومەكە پێدەگات، جگە لە هەرێمی كوردستان دەنێردرێت بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی كەنداو، هەروەك چۆن هەنار هەناردەکرا و لە بازاڕەكان ساغکرایەوە، سێوی بەرواریش دەگاتە بازاڕەكانی وڵاتانی کەنداو".

بۆ باشترکردنی کوالێتی و هێشتنەوەى ئەو ستانداردە جیهانییەى بەرهەمە هەناردەکراوەکانى کوردستان، حکومەتى هەرێم بڕیارى داوە ڕاهێنانى نیشتمانى بە جووتیاران بکات، هەر لە چۆنیەتىی ئامادەکردنى زەوی و پێگەیاندنى بەرهەمەکانەوە بگرە تا چۆنیەتىی هەڵگرتن و هەناردەکردنیان و هەروەها دامەزراندنی دامەزراوەی هاندانی بەبازاڕکردنی بەرووبومی کشتوکاڵیی کوردستان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری