Skip to the content

ڕێگەیەکی ستراتیژیی لە ئیدارەی سۆران دەکرێتە دووساید

دروستکردن و بوونیادنانی ڕێگەوبان، یەکێکە لە کارە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەم چوارچێوەیەشدا پڕۆژەی بەدووسایدكردنی ڕێگای سپیلک – خەلیفان، كە درێژییەکەی ١٠ کیلۆمەترە و پانیی هەر سایدێک ٨ مەترە، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو پڕۆژەیە دەبێتە ڕێگایەکی ستراتیژی و گەشتیاری لە سنووری ئیدارەی سۆران. بۆ ئەو مەبەستە شەو و ڕۆژ كاری تێدادەكرێت، تا زووتر لەو وادەیەی بۆی دیاریكراوە، بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان.
هەرمان حیکمەت، بەرپرسی بەشی ڕووپێوییی پڕۆژەکە، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی ڕایگەیاند: "ماوەی دیاریكراو بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە ٤٥٠ رۆژە، بەڵام كۆمپانیای جێبەجێكار بەڵێنی داوە لەو ماوەیەی بۆی دیاری كراوە، زووتر بەڕووی هاووڵاتییاندا بكرێتەوە.''
ئەم پڕۆژەیە بۆ كارئاسانی و سەلامەتیی شۆفێران، دوو ئاراستەگۆڕ (Interchange)ی تێدا دروست دەكرێت. گوژمەی پڕۆژەکە ٦٤ ملیار دینارە و بە تەواوبوونیشی قەرەباڵغیی ڕێگاکە كەم دەبێتەوە و جموجۆڵی بازرگانیی سنوورەکەش، زیاتر دەبێت.

بۆ بینینى ڤیدیۆى هەواڵەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

ڕێگەیەکی ستراتیژیی ئیدارەی سۆران، دەکرێتە دووساید - YouTube

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٥ـی شوباتی ٢٠٢٣